٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرچاوەیەك: مالیكی دەیەوێ 8 سوپاسالارى رێژیمی پێشوو بكاتە فەرماندەى فیرقە

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسێكی كورد لە حكوومەتی عێراق رای گەیاند، وەزیرانی كورد لە حكوومەتی عێراق پێدانی پۆستی فەرماندەی فیرقە لە رێزەكانی سوپای عێراق بە 8 ئەفسەری پێشووی رژێمی لێخراوی بەعس رەت دەكەنەوە.

ئەو بەرپرسەی كورد كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ بە ئاكانیوزی راگەیاندووە، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناوی 8 لە گەورە ئەفسەرانی پێشووی سوپای عێراق پێشكێشی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی پۆستی فەرماندەی فیرقە لە ریزەكانی سوپا وەربگرن.

بەرپرسەكە گوتی، بیانووی سەرۆك وەزیران ئەوە بووە كە ئەم 8 ئەفسەرە یەكسانی لەناو ریزەكانی سوپای عێراق دەپارێزێ بەوەی كورد، توركمان، عەرەبی شیعە و سوننە بەشدارن، بەڵام وەزیرانی كورد و بەشێك لە عەرەبەكانیش رەزامەندیمان نیشان نەداوە بەوەی ئەو 8 كەسە ببنە فەرماندەی فیرقە.

لە بەرامبەردا خێروڵا حەسەن وەزیری بازرگانی لە حكوومەتی عێراق لە هاوپەیمانیی كوردستان هەواڵەكەى بۆ ئاكانیوز پشت ڕاست كردۆتەوە و گوتویەى، بەڵێ سەرۆك وەزیرانی عێراق ناوی چەند كەسێكی پێشكیش كردووە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی نیشان بدا تا ناوەكان بۆ پەرلەمانی عێراق بەرز بكرێنەوە و لەوێش دەنگیان لەسەر بدرێ و پۆستی فەرماندەی فیرقە لە ریزەكانی سوپای عێراق وەربگرن.

روونی كردەوە، بەڵام نوێنەرانی كورد و بەشێك لە وەزیرانی عەرەبیش ئەو پاڵاوكانەمان رەت كردووتەوە، چونكە پێشتر لە ریزەكانی سوپای رێژیمی لێخراوی بەعس بوونە و مەدالیای بوێری نەوت شوجاعە پێ بەخشراوە.

هەروەها گوتی، داوامان كردووە دەبێ رۆڵەی ئێستای عێراق كە پێشتر لە ریزەكانی سوپای عێراق نەبوونە ئەو پۆستانەیان پێ بدرێ نەك ئەوانەی پێشتر دەستیان بەخوێنی هاووڵاتیانیی عێراقی سوور پۆستەكە وەربگرن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار