٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هاوپەیمانیی كوردستان: حوكمەكەی هاشمی سیاسییە و قەیرانی گەورەتری لێ ده‌که‌وێته‌وه‌

سەرچاوە: Hewler

ئەندامێكی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هۆشداریی هاتنەئارای قەیرانێكی گەورەی دیكە لە عێراق دەدات و ئەو حوكمەی دادگەیش، بە حوكمێكی تەواو سیاسی دادەنێت.

دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق، رۆژی یەكشەممە 9\9 حوكمی لەسێدارەدانی بەسەر جێگری سەرۆككۆماری عێراق تاریق هاشمی و بەڕێوەبەری ئۆفیسەكەی ئەحمەد قەحتانـدا سەپاند. ئەگەرچی دادگەی باڵا تاریق هاشمی و بەڕێوەبەری ئۆفیسەكەی لەسەر دۆسیەی كوشتنی ژنە پارێزەر سوهاد ئەلخەفاجی و كوشتنی تالب بلاسم و ژنەكەی سەهام ئیسماعیل حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوابەدوای ئەوە گوتەبێژی فەرمیی تاریق هاشمی جەمال گەیلانی رایگەیاند كە لیستی “ئەلعێراقییە” هەڵوێستی فەرمیی خۆیان رادەگەیەنن.

ئەو ڕوونیشی كردەوە كە بەپێی ماددەی 245 ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە و بڕیارێكی سیاسییە.


لە لایەكی دیكەیشەوە، پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانیی كوردستان محەممەد خەلیل بە “هەولێر”ـی گوت كە هەڵسوكەوتی “دەوڵەتی یاسا” و لێدوانەكانیان بە شێوەیەكە كە بۆ هەمووان دەركەوتووە ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای تاوانەكان، بڕیارێكی یاسایی نییە و سەرلەبەری سیاسییە. ئەو پێیشی وایە ئەوەی ئێستا لە عێراقدا نابینرێت، یاسایە و دۆسیە گرنگە دادوەرییەكان بە بڕیاری سیاسیی یەكلا دەكرێنەوە.

محەمەد خەلیل ئاشكرایشی كرد كە بەردەوام داوایان كردووە پێویستە دادگەییكردنی تاریق هاشمی لە بەغداوە بۆ یەكێك لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق بگوازرێتەوە، بەڵام بە قسەیان نەكراوە. ئەو پێی وایە كە سەپاندنی حوكمی لەسێدارەدان بەسەر هاشمیـدا، لە جێگەی خۆیدا نەبووە و بارودۆخی ئەمنیی عێراقیش بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات.

بە باوەڕی ئەو پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان، حكوومەتی ئێستای عێراق بەردەوام دروشمی رێككەوتنی نیشتمانی و چاكسازی بەرز دەكاتەوە، كەچی لە ئەرزی واقیعدا هیچكام ئەوانە نەبینراون. محەممەد خەلیل گوتیشی كە “هەمووی ئەوانە و ئەو بڕیارە سیاسییەی دادگەی باڵای تاوانەكانی عێراق، وا دەكات چاوەڕێی قەیرانێكی دیكەی گەورە لە عێراق بكەین.”
 

هەواڵی پەیوەندیدار