ئەمەریكا داوا لە بەغدا دەكات واز لە هەڕەشەكانی دژ بە كوردستان بهێنێت

وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
رۆژانە نزیكەی 15 تانكەر لە هەرێمی كوردستانەوە دەست بە گەشتێكی 2 ڕۆژە دەكەن و غازی شلكراوەی كواڵیتی باش لە وێستگەی غازی “خۆر مۆر”ی هەرێمەكەوە بۆ “مێرسین”ی توركیا دەگوازنەوە.
لە بەرامبەریشدا، توركیا سووتەمەنی دیزڵ و كیرۆسین ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم لە ئیشكردن بە وێستگەكانی كارەبای هەرێمەكەدا بەكاری بهێنێت و بەو جۆرەیش وزەی كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكات.
سەرەتای قۆناغێكی گرنگی بازرگانی
بەرپرسێكی شارەزا لەم بازرگانییە هاوبەشەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا دەڵێت:”ئەم بازرگانییە سەرەتای قۆناغێكی سادە، بەڵام زۆر گرنگە لە پەیوەندیی نێوان هەردوولادا، بە تایبەتی بازرگانیی بواری نەوت. لە ماوەی داهاتوویشدا ئەم پەیوەندییە بەهێزتر دەبێت و بە
رەو پێشتریش دەچێت. نە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیر لەوە دەكاتەوە كۆتایی بەم بازرگانییە بهێنێت و نە حكوومەتی توركیایش”.
حكوومەتی بەغدا دەیەوێت ئەم جۆرە بازرگانییە بەردەوام نەبێت، چونكە بەرپرسانی عێراق پێیان وایە تەنیا بەغدا مافی ئەوەی هەیە نەوت و غازی عێراق ڕەوانەی دەرەوە بكات.
ئەوان هەروەها باوەڕیان وایە ئەم جۆرە بازرگانییەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا نایاساییە. بەڵام حكوومەتی توركیا پشتیوانی لە بەردەوامبوون و گەشەدان بەم پەیوەندییە گرنگە دەدات.
لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ڕۆژانە تەنیا 5 تانكەر لە هەرێمی كوردستانەوە دەچوونە ناو توركیا، بەڵام وەزیری وزەی توركیا (تانەر یەڵدز) ڕایگەیاند، ئەم پەیوەندییە بەردەوامی دەبێت و ئاماژەی بەوەیش كرد، كە دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا ڕۆژانە زیاتر لە 200 تانكەر لە هەرێمی كوردستانەوە بچنە ناو توركیاوە و بڕی 40 هەزار بەرمیل نەوت ببنە وڵاتەكەیەوە.
توركیا پشتیوانیی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم دەكات
سەرچاوە پیشەسازییەكان باس لەوە دەكەن، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا و بۆ ئەم بازرگانییە تەنیا سوود لە بیرەنەوتەكانی “خۆر مۆر”ە وەردەگرێت، بەڵام دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا نەوتی بیرە نەوتەكانی دیكەیش ڕەوانەی توركیا بكات.
بەرپرسەكە هەروەها گوتی:”بەرپرسانی توركیا پێیان وایە ناردنە دەرەوەی نەوت و غاز لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كارێكی یاساییە و بە هیچ شێوەیەكیش دژی دەستووری عێراق نییە.
توركیایش ڕێگایەكی گرنگ و گونجاوە بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی ناردنە دەرەوەی نەوتەكەی بەكاری بهێنێت”.
دەكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی لە ڕێی ئەو بۆریە نەوتانەوە ڕەوانەی دەرەوە بكات، كە لە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی ناوەندیدان، لەوانەیش ئەو بۆریەی نەوتی كەركووك دەگەیەنێتە بەندەری “جیهان”ی توركیا.
بەڵام بەردەوامی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی لە سەر نەوت و ناوچە جێناكۆكەكان و چەندین شتی دیكە وای كردووە ئەم پرۆسەیە سەرنەگرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی ڕەوانەی دەرەوە دەكرد، بەڵام بەغدا ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبوو خەرجی كۆمپانیاكانی بواری نەوتی هەرێم دابین بكات.
هەربۆیەش هەولێر لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ناردنە دەرەوەی نەوتی ڕاگرت. حكوومەتی هەرێم لە مانگی ئابی ڕابردوودا دەستی بە ناردنە دەرەوەی نەوت كردەوە، بەڵام هۆشداریشی داوەتە بەغدا لە ڕاگرتنەوەی نەوتەكە، ئەگەر هات و حكوومەتی ناوەندی ئامادە نەبوو، خەرجی ئەم كۆمپانیایانە بدات. ئەمەریكا لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەدایە
حكوومەتی ئەمەریكا ئاگاداری ئەو كێشانەیە، كە بە هۆی بەرهەمهێنانی نەوت و ناردنە دەرەوەی ئەم بەرهەمەوە دروست بووە، هەربۆیەیش لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكەدایە. لەو چوارچێوەیەیشدا، چەند هەفتەیەك پێش ئێستا نوێنەری وزەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا (كارلۆس باسكیواڵ) سەردانی هەولێر و بەغدا و ئەنقەرەی كرد.
چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكان ئاشكرایان كرد، لە كۆبوونەوەی ناوبراودا لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیادا باس لە چەند شتێك كراوە، لەوانەیش دووبارە دەستكردنەوە بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، كۆتاییهێنان بە هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن بەرپرسانی بەغداوە، پرسی كەمكردنەوەی سووتەمەنیی كوردستان لە لایەن حكوومەتی ناوەندییەوە.
حكوومەتی هەرێم سیاسەتی نەوتیی خۆی ناگۆڕێت
سەرچاوەكان ئەوەشیان ئاشكرا كرد، كە دیپلۆماتە ئەمەریكیەكە بە بەرپرسانی توركیای ڕاگەیاندووە، پێدەچێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بێت ڕێگا بە ڕێكخراوی فرۆشتنی نەوتی وڵات ناسراو بە”سۆمۆ” بدات، بۆ ئەوەی نەوت و غازی عێراق بنێرێتە دەرەوە.
بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە “رۆیتەرز”ی ڕاگەیاند:”هەڵوێست و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر قۆڕخكاریی “سۆمۆ” بۆ ناردنی نەوت و غاز بۆ بازاڕەكانی دەرەوە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
ئەو تایبەتمەندییە نە لە یاسای كۆن و نە لە یاسای نوێی عێراقدا جێی نابێتەوە. چەندین لایەنی دیكە، لەوانەیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مافی ئەوەیان هەیە نەوت دەربهێنن و ڕەوانەی دەرەوەی بكەن، بەڵام پێویستە ئەم كارەیش بەشێوەیەكی یاسایی و شەفافانە بكرێت و داهاتەكەیش بچێتە حسابێكی گشتیەوە و پاشانیش بە یەكسانی دابەش بكرێت”.
هەرێم دەتوانێت نەوتی زیاتر بنێرێتە دەرەوە
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا ڕۆژانە نزیكەی 120 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی لە ڕێی بۆڕیە نەوتەكانی نێوان عێراق و توركیاوە بەڕێی دەرەوە دەكات.
وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستانیش (ئاشتی هەورامی) باس لەوە دەكات، كە هەرێم توانای ئەوەی هەیە ئەم بڕە بۆ 200 هەزار بەرمیل نەوت لە ماوەی یەك ڕۆژدا زیاتر بكات.
هاوكات حكوومەتی ناوەندیش ڕۆژانە نزیكەی 2 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەڕێی دەرەوە دەكات و زۆربەی ئەو بڕەیش لە بیرە نەوتییەكانی باشووری عێراقەوەیە.
“خۆر مۆر” لە لایەن كۆمپانیاكانی “كریسنت پیترۆڵم”ـی ئیماراتی و “دانا غاز” و كۆمپانیای “ئۆ ئێم ڤی” نەمسایی و كۆمپانیای “مۆی مۆڵب بو”ی هەنگارییەوە لێدراوە.
ئەم بیرە نەوتەی هەرێم غاز بۆ وێستگەكانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی كارەبای نەوتی كوردستان دابین دەكات و غازی شلكراوەیش بەرهەم دەهێنێت- بڕی ئەم گازە شلكراوەیە ڕۆژانە نزیكەی 17 هەزار بەرمیلە.
حكوومەتی هەرێم پشت بە خۆی دەبەستێت
حكوومەتی هەرێم كوردستان پەنای بۆ ئەم جۆرە بازرگانییە لەگەڵ توركیادا برد، بۆ ئەوەی بتوانێت كێشەی نەبوونی سووتەمەنی چارەسەر بكات، كە لە لایەن حكوومەتی بەغداوە بۆ خەڵكی هەرێم خوڵقێنراوە.
بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەكەن، كە ڕۆژانە تەنیا 15 هەزار بەرمیل لە سووتەمەنی لە باشووری عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمەكەیان دەكرێت، لە كاتێكدا دەبێت ئەم بڕە 140 هەزار بەرمیل بێت.
لەگەڵ ئەوەیشدا گەیاندنی سووتەمەنی لە توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستان لەوە هێواشتر بووە، كە چاوەڕێ دەكرا بە جۆرێك كە یەكەمین قافڵەی سووتەمەنی لە توركیاوە لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا گەیشتە هەرێمی كوردستان. بەڵام ئەم دواكەوتنەیش بەهۆی سیاسەتێكی تایبەت و دەست ئەنقەستەوە نەبوو، بەڵكو بەهۆی ڕۆتینەوە بووە.
ناردنە دەرەوەی نەوت بە بۆڕیەدا
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و حكوومەتی عێراق گرژییان تێكەوتووە، بەڵام لە هەمان ماوەیشدا پەیوەندیی نێوان حكوومەتی توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتونەتە ئاستێكی باڵا. ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای گەورەی توركیش لە هەرێمی كوردستاندا ئیش دەكەن و پەیوەندییەكی بەهێزی بازرگانییش لە نێوان هەردوولادا هەیە.
حكوومەتی توركیا پشتیوانی لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات.
بەرپرسانی كوردستانیش پلانی ئەوەیان هەیە پێش مانگی ئابی ساڵی 2013 نەوتی هەرێمەكەیان لە ڕێی بۆریەوە ڕەوانەی توركیا بكەن.
پێشبینیش دەكرێت تا ئەو كاتە بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە نزیكەی 1 ملیۆن بەرمیل.
سەرچاوەیەكی نەوتی هەرێمەكەیش دەڵێت:”حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە دانانی بۆڕی هەیە، چونكە ناكرێت نەوت لە ڕێی تانكەرەوە بنێردرێتە دەرەوە”.
بەم جۆرەیش دەبینین بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت چیدیكە پشت بە بەغدا نەبەستن و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵگرن.




