هاشمى بڕیارى لەداردانى ڕەت دەكاتەوە

تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمارى عێراق ڕایگەیاند، بڕیارى لەدرادانى كە لەلایەن دادگەى باڵاى تاوانەكانى عێراق بێ ئامادەبوونى دراوە ڕەت دەكاتەوە.
هاشمى لە كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانى كە لە ئۆتێلى Swiss لە ئەنقەرەى پایەتەختى توركیا بەڕێوە چوو ڕاى گەیاند، ئەو بڕیارەى لەلایەن دادگەى باڵاى تاوانەكانى عێراق لەبارەى منەوە دەرچووە خۆى لە خۆیدا بەڵگەى بێ تاوانیمە.
هاشمى ئاماژەى دا، ئەم بڕیارە كە بەبێ ئامادەبوونم لە دادگە لەبارەى منەوە دراوە بڕیارێكى نادادپەروەرانەیە و ڕەتى دەكەمەوە.
زیاتر گوتى "هیچ كامێك لەوانەى بڕوایان بە من هەبووە ئێستە لە نێو دۆخێكى تەناهى و ئارام ژیان بەسەر نابەن و لە مەترسیدان".
گوتیشی"نەك من بگرە پێویستە مالیكى سەرۆك وەزیرانى عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان بێتە دادگەییكردن، چونكە بەرپرسە لە گیان لەدەستدانى سەتان هەزار كەس"
هاشمى دووپاتى كردەوە، بڕیارەكەى دادگەى باڵاى تاوانەكانى عێراق بڕیارێكى یاسایی نییە، بگرە بڕیارێكى سیاسییە و ئامانجى خستنى ئەوە.
هاشمى ئاماژەى بەوەدا، "لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى توركیا چاوپێكەوتنم ئەنجام داوە. توركیا پێى وایە ئەم بڕیارى لەداردانە بڕیارێكى سیاسییە. مانەوەم لە توركیا بەردەوام دەبێ و ئامادەم لە هەر دادگەیەكى دادپەروەرانە بێمە دادگایی كردن".
جێگای باسە دوێنێ یەكشەممە دادگەى باڵاى تاوانەكانى عێراق بڕیارى لەداردانى تا مردنى بەسەر هاشمیدا سەپاند.




