٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی چاودێریی بازاڕی هەولێر پشكنینەكانیان فراوان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

وێڕای چڕكردنەوەی كارەكانی لیژنەی چاوێریی بازاڕ، زۆرینەی سوپەرماركێت و دوكان و سەمونخانەكان بەخۆداچوونەوەیان نەكردووە. سەرۆكی لیژنەكەیش ئاماژە بەوە دەدات كە ئەوەی بەدی دەكەن، تەنیا نەبوونی هۆشیارییە و ئەو كەموكوڕیانەی ڕوویان داوە، بە دەستی ئەنقەست نەبوون.

جێگری قایمقامی هەولێر كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی چاودێریی بازاڕە، لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا، ئەوە دەخاتە ڕوو كە پشكنینەكانیان بە فەرمانی پارێزگای هەولێر فراوان كردووە و هەوڵ دەدەن هەر شتێك پێوەندی بە پاراستنی گیانی هاووڵاتیانەوە هەبێت، پشكنینی بۆ بكەن.

هێرش حوسێن ڕوونی كردەوە ئەگەرچی كارەكانی پێشوو لە چوارچێوەی خۆراكدا بوو، بەڵام لە ئێستادا كار بۆ ئەوە دەكەن هەر شتێك پەیوەست بێت بە پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیانەوە، پشكنینی بۆ بكەن.

هاوكات هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ( كارەبا، شارەوانی، نیشنگە) ئەندامیان لە لیژنەكەدا هەیە و بەمەیش كارەكان فراوانتر بوون.

لە بارەی ئەو ستوونانەی كە بە شێوەیەكی ناتەندروست كارەبایان پێدا ڕۆییشتووە یاخود مەترسییان دروست كردووە، (هێرش حوسێن) ڕایگەیاند؛ لە بازاڕدا بە شێوەیەكی خراپ چەند ستوونێك كارەبایان پێدا ڕەت ببوو، بۆیە بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای هەولێر چارەیان كردووە.

سەرۆكی لیژنەكە گوتیشی: “بە هاوكاریی نوێنەری نشینگەی هەولێر لە ئێستادا پشكنین بۆ زۆرینەی شوێنەكان دەكەین و لەو كرێكارە بیانیانەیش دەكۆڵینەوە كە هاتوونەتە هەرێم. توانیویشمانە كرێكارێكی بیانی ئاشكرا بكەین كە نەخۆشیی سیلی هەبووە و بە بێ هیچ ڕێگەپێدانێك كاری كردووە.”

لە بارەی بەدواداچوونیان بۆ نرخی كاڵاكان (هێرش حوسێن) ئاماژەی دا كە لیژنەكەیان لە گرانی و دانانی نرخ دەكۆڵێتەوە و هەر دوكانێك نرخی هەڵنەواسیبێت یاخود بە بێ هۆ نرخی گران كردبێت، سزای دەدەن.

گوتیشی كە لە كاتی پشكنین بۆ شوێنەكاندا، بۆیان دەركەوتووە كە بە دەستی ئەنقەست ئەو سەرپێچیانە ئەنجام نادرێن، بەڵكوو بە هۆی كەمتەرخەمی یان نەزانینەوەیە.

پـــــــاشخــــــــان
- لە مانگی ڕەمەزان و سێ ڕۆژی چەژندا، 250 جێگە پشكنیان بۆ كراوە كە 15%ـیان داخراوەن، 35% كاردانەوەیان لەگەڵدا كراوە، 20% سزا دراون. هەروەها 50 كارتۆن تەقەمەنی و یاری ئاگرینی منداڵان دەستی بەسەردا گیراوە.

- لیژنەی دەرمانسازان و پارێزگای هەولێر لە ماوەی 2 مانگدا لە كۆی 15 كۆگە كە سەردانیان كردوون، 9 كۆگەیان داخستووە كە شوێنەكانیان بۆ هەڵگرتنی دەرمان شیاو نەبووە، بەڵام ئەو داخستەنەیش تەنیا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بووە.

- لە شەش مانگی ڕابردوودا (368 سەمونخانە، 3 گۆشتفرۆش، 91 ماركێت، 15 دوكانی جلوبەرگ، 109 جێگەی سەوزە و میوە، 15 چێشتخانە، 17 كۆگەی كۆمپانیاكان) سزا دروان.

هەواڵی پەیوەندیدار