سبەى پەرلەمانى عێراق هەمواركردنى كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەخاتە دەنگدانەوە

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، سبەى سێشەم پەرلەمانى عێراق لە 20مین دانیشتنیدا هەمواركردنى یاساى كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان دەخاتە دەنگدانەوە و خوێندنەوەى یەكەم و دووەمیش بۆ 6 پڕۆژەیاسا دەكا.
سەعید رەسوول خۆشناو لە فراكسیۆنى هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاكانیوزى راگەیاندووە، سبەى پەرلەمانى عێراق دەست دەكا بەدانیشتنە ئاسایییەكانى خۆی و بەپێی كارنامەى دانیشتنەكە سەرەتا دەنگ لەسەر هەمواركردنى یاساى كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان دەدا.
پتر گوتى، پاشان خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاساى رێگری لە زۆركردن لە هاووڵاتی بۆ گۆڕینی نەتەوەكەى و پڕۆژەیاساى فرۆشتن و بەكرێدانى موڵكی دەوڵەت دەكا.
هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساى ئاڵوگۆڕكردنى تۆمەتبار و سزاداراوان لە نێوان ئێران و عێراق، پڕۆژەیاساى وەزارەتى كشتوكاڵ و پڕۆژەیاساى بانكى نەهرێنی ئیسلامى و دەستەى راگەیاندنى عێراق دەكا.




