٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاماری قوربانییەکانی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕۆژی یەکشەممە

سەرچاوە: Hewler

زنجیرەیەك تەقینەوە و كاری توندوتیژی لە شارە جیاوازەكانی عێراقدا ڕوویان دا و بەو هۆیەیشەوە دەیان كەس كوژران و سەدانی دیكەیش بریندار بوون.

بەرپرسانی بواری ئاسایشی عێراق ئاشكرایان كرد، تەقینەوە و كارە توندوتیژییەكان لە 11 شاردا ڕوویان دا و لە ئەنجامیشدا زیاتر لە 60 كەس كوژراون و زیاتر لە 250 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

تەقینەوەكانی كەركووك و دوبز
سەرلەبەیانی دوێنێ ژمارەیەك چەكدار هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سوپای عێراق لە شارۆچكەی "دوجەیل" و لە ئەنجامدا 10 سەربازییان كوشت و 8 سەربازی دیكەیشیان بریندار كرد.

چەند كاتژمێرێك پاش ئەوەیش، ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو دەستەیەك پۆلیسی مەشقپێكراوی كردە ئامانج، كە بۆ مەبەستی دامەزراندن لە كۆمپانیای "نەوتی باكوور"ی دەرەوەی كەركووك كۆ بووبوونەوە.

بەرپرسی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید سەرحەد قادر ڕایگەیاند، بە هۆی ئەو تەقینەوەیەوە 7 كەس گیانیان لەدەست دا و 17ی دیكەیش بریندار بوون.

2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو و بۆمبێكی چێنراوی دیكەیش لە كەركووك تەقینەوە و بەو هۆیەوەش 7 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 70 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

2 ئۆتۆمبیلی دیكەی بۆمبڕێژكراویش لە دەرەوەی بازاڕێك لە شارۆچكەی "دوزخورماتو" تەقینەوە و لە ئەنجامیشدا 5 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 50 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

تەقینەوەكانی بەغدا و ناسریە و بەسرە
دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراویش لە شاری "ناسریە"ی زۆرینە شیعە تەقینەوە و بەو هۆیەوەش چەندین كەس بوونە قوربانی.

جێگری بەرپرسی بەڕێوەبەری تەندروستیی شارەكە ڕایگەیاند، تەقینەوەكان لە نزیك قونسوڵگەریی فەرەنسا و ئوتێلێك ڕوویان داوە، بەڵام هیچ دیپلۆماتێكی فەرەنسی لە ناو قوربانیەكاندا نییە.

زنجیرەیەك تەقینەوەیش 9 شاری دیكەی عێراقی هەژاند. چەند ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەڕەكی "حوسێنیە"ی خۆرهەڵاتی بەغدا تەقینەوە و بەو هۆیەیشەوە 5 كەس گیانیان لەدەست دا و 10 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراویش لە شاری "بەسرە"ی باشووری عێراق تەقییەوە و لە ئەنجامدا 5 كەس كوژران و 25 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

ئۆتۆمبیلێكی دیكەی بۆمبڕێژكراویش لە شاری "تەلەعفەر"ی تەقیەوە و بەو هۆیەیشەوە 4 كەس كوژران و 9 كەسی دیكەیش بریندار بوون.

2 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراویش لە نزیك مەزارگەی ئیمام "عەلی شەرقی" شیعەكان لە پارێزگای "مەیسان" تەقینەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 كەس بوونە قوربانی.

چەند تەقینەوەیەكی دیكەیش لە "تاجی" و "حەویجە" و "ڕیاز" و "موسڵ" ڕوویان دا و دەیان قوربانییان لێكەوتەوە.

ئەم تەقینەوە و كارە توندوتیژییانە لە كاتێكدایە تاكو ئێستایش سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئیش و كاری وەزارەتە ئەمنیەكانی وڵات، لەوانەیش وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری.

هەواڵی پەیوەندیدار