٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نوێنەرێکی کورد:مالکی بەئاسانی فەرماندەی پڕۆسەکانی دیجلە هەڵناوەشێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەرجەم هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەزۆرینەی دەنگ فەرماندەی پڕۆسەکانی دیجلەیان ڕەت کردەوە کەلەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی درابوو، نوێنەرێکی کوردیش لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، تەنها نوری مالکی دەسەڵاتی هەڵوەشانەوەی ئەو فەرماندەیەیی هەیە و بەئاسانیش هەڵی ناوەشێنێتەوە.

لەمبارەیەشەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستانی"ئازاد ئەبوبەکر" پەیامنێری ڕاگەیاندووە:"بەو پێیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و بڕیاری پێکهێنانی فەرماندەی پڕۆسەکانی دیجلەی داوە، ته‌نیا خۆی دەتوانێت بڕیاری پێکهێنانەکە هەڵبوەشێنێتەوە".

ئازاد ئەبوبەکر ،گووتی:"ئەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و هەرکەسێکی دیکە کەباس لە ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی دەکەن، بۆئەوەیە کە نوری مالکی هەڵیبوەشێنێتەوە، نەوەک مانای ئەوەبێت ئەوان ئەو دەسەڵاتەیان بۆ هەڵوەشانەوەی هەبێت ".

بەبڕوای ئه‌م نوێنه‌ره‌ کورده‌، نوری مالکی پێکهێنانی ئەو فەرماندەییە بەئاسانی هەڵناوەشێنێتەوە و ته‌نیا لەکاتێکدا نەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆ هەبێت و دانیشتن ئەنجام بدرێت ".

هەواڵی پەیوەندیدار