سبه‌ی لیژنه‌ی هاوبه‌ش بۆ گه‌ڵاڵه كردنی یاسای نه‌وت و غاز كۆده‌بێته‌وه

قاسم محه‌ممه‌د، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی عێراق به رووداوی راگه‌یاندووە سبه‌ی لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان لیژنه‌ی یاسایی و نه‌وت و غازی په‌رله‌مانی عێراق دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌باره‌ی گه‌ڵاڵه‌كردنی پڕۆژه یاسای ئاسای نه‌وت و غاز ئه‌نجام ده‌دات.
لیژنه‌كه چه‌ند رۆژێكی كه‌م پێش پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زان بڕیاری له‌سه‌ردراوه، له 10 ئه‌ندام پێكهاتووه 5 ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز و 5 ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی. هه‌وڵده‌دات جۆره ته‌وافوق گه‌ڵاڵه بكات له نێوان ئه‌و سێ پڕۆژه یاسایه‌ی كه هه‌یه. پڕۆژه‌یه‌كیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی نه‌وت و غازه. ئه‌وه‌ی دیكه‌یان حكومه‌تی عێراق ئاماده‌یكردووه. پڕۆژه‌ی سێیه‌میان له نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه پێشتر رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق لێی پاشگه‌زبووه‌ته‌وه.
قاسم محه‌ممه‌د كه هاوكات په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی كوردستانییه له په‌رله‌مانی عێراق راشیگه‌یاند تائێستا لیژنه‌كه به فه‌رمی ده‌ستی به‌كاره‌كانی نه‌كردووه، كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌نیا ئاڵوگۆڕ كردن و گوێگرتنی بیروڕاكانی ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه بووه.
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی نه‌وت و غاز ره‌شبینه به گه‌یشتن به رێككه‌وتن و ده‌ڵێ "یاخوا پێشبنیه‌كه‌م وانه‌بێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و غاز بگه‌نه رێككه‌وتن". راشیده‌گه‌یێنێ "ئه‌گه‌ر بڕیارێكی سیاسی جدی نه‌بێت، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و یاسا ئه‌سته‌مه".




