٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مالیكی سه‌رجه‌م پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانی له‌ چنگی خۆیدا هێشتووه‌ته‌وه‌ و هیچ هیوایه‌ك بۆ پڕكردنه‌وه‌یان له‌ئارادا نییه‌

سەرچاوە: Hewler

كەمتر لە مانگێك بەسەر راسپاردنیدا بۆ پێكهینانی ئەندامانی كابینەكەی تێپەڕی و نووری مالیكیـیش توانی زۆرینەی ئەندامانی كابینەكەی دیاری بكات، بەڵام هەریەك لە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ كەسیان بۆ دیاری نەكرا و بەرپرسی دەستگەی هەواڵگرییش بە بێ سەرۆك مایەوە.

هەستیاریی پۆستە ئەمنییەكان و نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوو لایەنی شیعە و سوننەدا، لایەنە سیاسییەكانی عێراقی گەیاندە ئەو ڕایەی كە لە رێككەوتننامەی هەولێردا ئەو دوو پۆستە لە نێوان هەردوو لایەندا دابەش بكەن، بەڵام تاكوو ئێستایش ئەو دوو پۆستە لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن.

گوتەبێژی لیستی ئەلعێراقییە مەیسوون دەملوجی بە "هەولێر"ـی گوت: "ساڵی رابردوو چەندین كەسمان بۆ پۆستە ئەمنییەكان پاڵاوت، بەڵام لە لایەن مالیكیـیەوە رەت كرانەوە، بۆیە ئەمساڵ هیچ كەسێكمان نەپاڵاوتووە، چونكە لە هیچ لایەنێكەوە داوامان لێ نەكراوە."

دەملوجی دەڵێت: "هێشتنەوەی پۆستە ئەمنییەكان لە لایەن نووری مالیكیـیەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیەتی و ئەمەیش كۆنتڕۆڵكردن و دیكتاتۆرییەتە وەك ئەوەی لە سەردەمی بەعسدا هەبوو."

لە پاش ئاڵۆزییەكەی ئەم جارەی عێراق و دواكەوتنی پرسی لێپێچینەوە لە نووری مالیكی هاوپەیمانیی نیشتمانی پەڕاوێكی چاكسازیی ئامادە كرد و یەكێك لەو بڕگانەیش پڕكردنەوەی پۆستە ئەمنییەكانە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئازاد سرێشمەیی بە "هەولێر"ـی گوت: "ئەو پەڕاوەی چاكسازی كە لە لایەن هاوپەیمانیی نیشتمانییەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت، تاكوو ئێستا كەس نەیبینیوە و تەنیا لە لای خۆیانە."

بە گوتەی سرێشمەیی لە ئێستا مالیكی تەواوی پۆستەكانی ئەو دوو وەزارەتە و دەستگەی هەواڵگری بە كەسە نزیكەكانی خۆی پڕ كردووەتەوە و لەو رێگەیەوە توانیویەتی تەواوی جومگەكانی ئەو دوو وەزارەتە كۆنتڕۆڵ بكات.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حەسەن جیهادـیش، پێی وایە ئەگەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەم شیۆەیەی ئێستا بڕوات، چاوەڕێ ناكرێت ئەو پۆستانە بەم زووانە پڕ بكرێنەوە.

حەسەن جیهاد بە "هەولێر"ـی گوت: "بێمتمانەییەكی زۆر لە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی بەغدادا هەیە و حكوومەتی ناوەندییش بەردەوامە لە دروستكردنی تەنگژە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، كە ئەمەیش كاریگەریی لەسەر هەموو پڕۆسەی سیاسیی عێراق هەبووە نەك تەنیا پۆستە ئەمنییەكان."

هەرچەندە پڕكردنەوەی پۆستە ئەمنییەكان لە لایەن مالیكیـیەوە بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی و بەهێزكردنی خۆی سوودی هەبوو، بەڵام لە هەمان كاتیشدا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر زیادبوونی توندوتیژی لە عێراقدا هەبووە.

بەپێی راپۆرتێكی ریكخراوی Iraq Body Count كە رێكخراوێكی ناحكوومییە لە عێراقدا، لە ساڵی 2010ـدا 3976 كەس كوژراون و لە ساڵی 2011ـیشدا ئەو رێژەیە بۆ 4095 كەس بەرز بووەتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا كۆتایی مانگی 8، زیاتر لە 5887 رووداوی تەقینەوە و تیرۆریستی لە عێراقدا روویان داوە كە بە هۆیانەوە 1027 كەس بوونەتە قوربانی و 8965 كەسیش بریندار بوون.

بەڵام بە بڕوای حەسەن جیهاد دانانی وەزیر بۆ ئەو پۆستانە، رەنگە كەمێك توندوتیژی و تەقینەوەكان كەم بكاتەوە، بەڵام نابێتە هۆی بنبڕكردنیان، چونكە ئەو كارانە پلانبۆداڕێژراون.

هەواڵی پەیوەندیدار