٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى: دیالۆگ و پایه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور، تاکه چاره‌سه‌ره‌

سەرچاوە: KDP.info

ئێواره‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 5ى ئه‌یلوولى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا کرد كه‌ له‌ سیناتۆر جۆن مه‌کیین، سیناتۆر جۆ لێبرمان و سیناتۆر لیندزى گراهام پێكهاتبوو.

له دیدارێكدا كه‌ د.فوئاد حوسێن سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم، د.ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان، فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانى ئاماده‌یى بوون، شاندى میوان خۆشحاڵیى خۆیان به‌م سه‌ردانه‌یان بۆ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ خۆیه‌وه‌ى بینیوه‌، نیشان دا و ده‌ستخۆشییان له‌ سه‌ركردایه‌تیى كوردستان كرد بۆ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتن و بنیاتنان و ئاوه‌دانى و سه‌قامگیرى و ئارامییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و هیوایان خواست له‌مڕووه‌وه‌ به‌شه‌كانى دیكه‌ى عیراقیش بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ى هه‌رێمى كوردستان.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵیى خۆى بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ى شاندى باڵاى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكا ده‌ربڕى و هیواى خواست كه‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بن و ببنه‌ ڕێخۆشكه‌رێك بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندیى نێوان ئه‌مه‌ریكا و هه‌رێمى كوردستان و عیراق.

پرسه‌ سیاسییه‌كانى عیراق و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ى عێراقى پێدا ده‌ڕوات كه‌ بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنى سیاسیى عیراق، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى هه‌ردوولا بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ تیشك خرایه‌ سه‌ر ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵى داوه‌ عیراق ئارام و سه‌قامگیر بێت و له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م هه‌وڵانه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا، ڕێككه‌وتنى هه‌ولێر هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ حكوومه‌تى عیراقى له‌ سه‌ر دامه‌زرا، به‌ڵام به‌ هۆى پابه‌ندنه‌بوون به‌م ڕێككه‌وتنه‌وه‌، عیراق كه‌وته‌ ناو كێشه‌ و ئاسته‌نگى سیاسییه‌وه‌ و هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان و دیموكراسییه‌وه‌ پشتگوێ خرا و كۆمه‌ڵێ یاساى وه‌ك یاساى نه‌وت و گاز و یاساى دابه‌شكردنى داهاته‌كان، په‌سند نه‌كران .

له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌میشه‌ به‌ بڕوایه‌كى ته‌واو به‌ ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كانه‌وه‌ هه‌نگاوى ناوه‌ و گفتوگۆ و دیالۆگ و گه‌ڕاوه‌نه‌ى بۆ ده‌ستوور، به‌ تاکه‌ ڕێگه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا. سه‌رۆكى حكوومه‌ت هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ڕه‌وشێكى وه‌كوو عیراقدا ئاسایى یه‌ كێشه‌ و گرفت بێنه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئیراده‌ هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌قامگیرى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عیراق و خزمه‌تگوزارى پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانى عیراق بكرێت.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى سووریا خرانه‌ به‌ر باس؛ كه‌ كاریگه‌رى له‌ سه‌ر ته‌واوى ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌تى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر هه‌یه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى سووریا بۆ هه‌رێمى كوردستان جێگه‌ى بایه‌خن و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ گه‌لانى سووریا بڕیار له‌ سه‌ر داهاتووى خۆیان بده‌ن و هه‌ر گۆڕانگارییه‌ك له‌ سووریا بێته‌ ئاراوه، گۆڕانكارییه‌كى دیموكراسى بێت كه‌ تیایدا هه‌موو گه‌لانى سووریا و به‌ تایبه‌تیش گه‌لى كورد به‌ مافه‌كانى شاد بێت.

له‌ كۆتایى دیداره‌كه‌دا شاندى میوان جه‌ختیان له‌ سه‌ر دۆستایه‌تیى ئه‌مه‌ریكا بۆ گه‌لى كورد و به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و هیوایان خواست چیرۆكى سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ چیرۆكى سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌موو عیراق و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ پێى ده‌ستوور و به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژوه‌ندیى ته‌واوى عیراقدا بێت، چاره‌سه‌ر ببن.

هەواڵی پەیوەندیدار