کەرکووک ئۆپەراسیۆنی دیجلە رەت دەکاتەوە

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی دیجلە لەو شارە رەت دەکاتەوە و داوایش لە ئەنجوومەنی پارێزگا کرا هەڵوێست بگرێت.
دوینی سێشەممە، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای کەرکوک لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی رێکخست و تێیدادا بە کۆی دەنگ پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی دیجلەیان رەت کردەوە.
پێشتر دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری 372 ژووری ئۆپەراسیۆنی دیالەی بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی دیجلە گۆڕی.
بە گوێرەی بڕیارەکە، هەموو رێکخستنەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری لە پارێزگای دیالە و کەرکووک لەژێر کۆنترۆڵی ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنەی بەناو دیجلەوە دەبێت.
ماڵپەڕی "Kirkuk now" بڵاوی کردووەتەوە، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی ناڕەزاییان بڵاو کردەوە و لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ئەو بڕیارەیان “بەناپەسەند” وەسف کردوە و تەواوی بڕگەکانیان رەت کردووەتەوە.
هاوکات تێیدا هاتووە “داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە رەت بکەنەوە و داوا بکرێت هەڵبوەشێتەوە، چونکە دژی خواستەکانی دانیشتووانی شاری کەرکووکە”.
بڕیار بوو دووشەممەی رابردوو 09/03 لە ئاهەنگێکدا لە کەیوان بڕیاری پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی دیجلە رابگەیەنرێت و مۆڵگەی سەرەکیشی هەر لەو شوێنە بێت.




