٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەبار یاوەر: نابێت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە پەیوەندی بە كەركووكەوە هەبێت

سەرچاوە: PNA

لیژنەی كاری هاوبەشی نێوان نوێنەرانی هێزەكانی‌ پێشمەرگە و سوپای‌ عیراق كۆ بو‌ونەتەوە و نوێنەرانی‌ حكوومەتی‌ هەرێم لە وەزارەتی‌ پێشمەرگە جەختیان كردووەتەوە، كە نابێت فەرماندەیی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ دیجلە هیچ پەیوەندییەكی‌ بە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكانەوە هەبێت لەبەر ئەوەی‌ بارێكی‌ تایبەتییان هەیە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەریق جەبار یاوەر، كە هاوكات ئەندامی باڵای لیژنەی كاری هاوبەشە، راگەیاند: "لەو كۆبو‌ونەوەیەدا كە رۆژی 2-9 لە بەغدا لە نێوان نوێنەرانی هێزەكانی‌ پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی‌ عێراق ‌ و لایەنی ئەمەریكایی وەك هەماهەنگیكار بەرێوە چوو، باس لە دواهەنگاوەكانی‌ ئەو رێككەوتنە كرا كە لەسەر كێشەی‌ ناوچەی‌ زوممار لە نێوان هەردوولادا ئیمزا كرا، بە تایبەت كە ئێستا پێنج خاڵیان لە بواری‌ جێبەجێكردندان، هەروەها باس لە پێداچوونەوەی‌ میكانیزمی‌ چۆنیەتیی‌ هەماهەنگیی‌ نێوان هێزەكانی‌ هەرێم و هێزەكانی‌ فیدراڵی‌ عێراق و ئەو ئالیەتە كرا كە هەیە بۆ ئیشكردن كە لە 15 بنەما پێكهاتووە و رێككەوتووین. هەروەها باس لە پێشنیازكردنی بەشداریكردنی‌ نوێنەرانی‌ لیژنەكانی‌ هەماهەنگی‌ لە ناوچە دابڕێندراوەكان كرا لە كۆبونەوەكانی‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشی‌ نیشتیمانیی‌ عێراقی‌ بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشانەی‌ لەو ناوچانە روو دەدەن."

تەوەرێكی‌ تری‌ كۆبوونەوەكە باسكردن بووە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی‌ دیجلە و ئەمینداری‌ گشتیی‌ وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "جەختمان كردەوە كە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان بارودۆخێكی‌ تایبەتیان‌ هەیە و نابێت ئەو فەرماندەییە  هیچ پەیوەندییەكی‌ بە كەركووكەوە هەبێت."

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆ سێشەممەی وەزارەتی پێشمەرگە، كۆبوونەوەی رۆژی 2-9 لە شاری بەغدا بە بەشداریی نوێنەری نووسینگەی هەماهەنگی ئەمەریكایی - عێراقی لە عێراق ژنەراڵ مارتن، لەلایەن حكوومەتی فیدرالیشەوە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەریقی یەكەمی روكن علی غێدان ‌و فەرماندەی پۆلیسی فیدرالی عێراق، فەریق روكن حوسێن عەوادی، هاوكات لەلایەن هەرێمی كوردستانیشەوە،فەریق شێروان عەبدولڕەحمان ‌و فەریق جەبار  یاوەر  ئەنجام دراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار