٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لێژنەی نەزاهە داوای وردەكاریی گرێبەستەكانی كڕینی چەكی عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

لێژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای وردەكاریی گرێبەستەكانی كڕینی چەك دەكات كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هاتووەتە ئەنجامدان.

هەڤاڵ كوێستانی ئەندامی لێژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە: كۆمەڵێك گومانی گەندەڵی هەن لەسەر وەزارەتی بەرگری كە زۆرترینیان لە گرێبەستەكانی كڕینی چەك قسەیان لەسەر دەكرێت، ئێمە چەندین جار داوامان كردووە ئەو گرێبەستانەی حكوومەتی عێراق كردوونی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و كۆمپانیا بیانییەكان تاوتوێیان بكەین.

ئاماژەی بەوەش دا، دواجار پشكنەری گشتی و ئەندامی لێژنەی گرێبەستەكان لە وەزارەتی بەرگری هاتن بۆ لێژنەی نەزاهە، ئەو پرسیارانەمان ئاراستە كردن كە لە ڕووی گەندەڵییەوە لە كڕینی چەك باس دەكرێ، بەتایبەتیش لە وڵاتانی ئۆكرانیا، سربیا و چەند وڵاتێكی تر، ئەوان كۆمەڵێك گرێبەستیان شی كردەوە، بەڵام ئەوە نەبوو كە ئێمە داوامان كردووە.

ڕوونی كردەوە، داوامان لە وەزارەتی بەرگری كرد وردەكاریی گرێبەستەكانمان بۆ بنێرێ و كێ ئەو گرێبەستانەی ئیمزا كردووە، و جۆری چەكەكان چین، بۆ ئەوەی بتوانین لە بازاڕی دنیادا بەراوردی ئەو جۆرە چەكانە بكەین.

گوتیشی، ئێمە گومانمان ل هەیە گەندەڵییەكە لەوە دەكرێ كە لە كاتی خەمڵاندن بۆ كڕینی چەك پارەی زیاتر داوا دەكرێ و دواتر چەكەكان بە هەرزانتر دێنە كڕین، زۆر جار بەپێی ئەو گرێبەستانەی كراون جۆری چەكەكە دیاری كراوە تێیدا، بەڵام كاتێك چەكەكە دێ ئەو جۆرە نییە كە لە گرێبەستەكەدا هاتووە. دوای گەیشتنی وردەكاریی گرێبەستەكان، ئەوكات بڕیار دەدەین فایلەكە ڕەوانەی دەستەی نەزاهە بكەین یان نا.

لای خۆیەوە شوان محەمەد تەها ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاندووە، هەر ڕێككەوتنێكی سەربازی لە بواری چەك و كەلوپەلی سەربازیدا لە نێوان عێراق و وڵاتانی تردا بكرێ، دەبێ ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگدانی لەسەر بكا، بەڵام ئەو ڕێككەوتننامە سەربازییانەی تا ئێستە كراون، لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگدانیان لەسەر نەكراوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پڕچەككردنی هێزی سەربازیی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە مەرجدارە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوەیە ئەو چەكە نابێ دژی سوپای ئەمەریكا و خەڵكی ئەو وڵاتەش بێتە بەكارهێنان، بۆیە عێراق لەلایەن چەك لە ئەمەریكا دەكڕێ و لەلایەكی ترەوە خەڵك دەنێرێ بۆ ئەوەی چەك لە ڕووسیا بكرێ. كڕینی چەك لە ڕووسیا هیچ مەرجێكی نییە كە ئەو وڵاتە ئەم چەكە چۆن بەكار دێنێ.

زیاتر گوتشی، ئێمە ڕاپۆڕتی خۆمان پێشكێش كردووە و ڕامان گەیاندووە، ناكرێ ئەمەریكا چەك بە وڵاتێك بدا و ئەو وڵاتە دەستوور پێشێل بكا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار