مالیكی هەوڵی ''كۆنتڕۆڵكردنی'' كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دەدات

ئەندامێكی هاوپەیمانیی كوردستان، پێی وایە كە "دەوڵەتی یاسا" مەبەستییەتی لە رێگەی زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، كۆنتڕۆڵی كۆمیسیۆنەكە بكات و لەو رێگەیەیشەوە كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە سوودی خۆیدا، دابنێت.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەریزاد شەعبان بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە "ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا" و "هاوپەیمانیی نیشتمانی" دەیانەوێت كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆنتڕۆڵ بكەن. بە بۆچوونی ئەو، ئەم كارەیش بە زیادكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنەكە بۆ (15) كەس دەكەن. ئەو بۆ "هەولێر"ـی ڕوون كردەوە كە لە هەموو دونیادا ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكن تەنیا (7) كەسە، كەچی لە عێراق (9) كەسە و دەوڵەتی قانوون داوایش دەكات بكرێتە (15) ئەندام.
پەریزاد شەعبان نایشارێتەوە كە تا ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆن زیاتر بن، هەلی زیاتر لە بەردەم (مالیكی) و ئیئتیلافەكەیدا دەڕەخسێت كە ئەندامەكان ئەگەر بە پارەیش بێت، بۆ لای خۆیان راكێشن و ساختەكاری لە هەڵبژاردندا بكەن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی كە مالیكی دژایەتیی پڕۆژەیاسای "ویلایەتی سەرۆكوەزیران" دەكات، چونكە ئەگەر ویلایەتی سەرۆكوەزیران دیاری بكرێت، مالیكی مافی جارێكی دیكە ناتوانێت خۆی بپاڵێوێت.
ئا: ژیوار ئیبراهیم




