٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مالیكی مانگانە 120 ملیۆن دۆلار لە دەست كوردستان و عێراق دەدات

سەرچاوە: Rudaw

وەزیری لە كارلادراوی گەیاندنی عێراق رایگەیاند كە یەكێك لە هۆكارەكانی لەكارلادانی لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیران گرێبەستی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم بووە كە مالیكی داوای كردووە هەڵیبوەشێنێتەوە. كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆمیش دەڵێ "سكاڵای یاسایی دژی مالیكی تۆماردەكەین".

محەممەد تۆفیق عەللاوی، وەزیری لە كارلادراوی گەیاندنی عێراق رەتیكردەوە كە دەستی لەكاركێشابێتەوە، بەڵكو پاش ئەو نامەیەی كە تێیدا ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر دەستتێوەردانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەكارەكانی وەزارەت، لە پۆستەكەی لادراوە.

لە نامەكەیەدا كە بۆ مالیكی ناردووە و دواتر ناوەڕۆكەكەی بۆ راگەیاندن ئاشكرا كرد، دەڵێ مالیكی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆمی لێكردووە كە لەگەڵ وەزارەتەكەی بۆ بەستنەوەی كێبڵەكانی ئینتەرنێتی ئوسترالیا و رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە ئەوروپاوە، ئیمزا كرابوو. عەللاوی بۆ مالیكی دەنووسێت "داواتان لێكردم گرێبەستەكە هەڵبوەشێنمەوە و منیش رای خۆم گوت كە هەڵوەشاندنەوەی زیانێكی زۆر لە وڵات دەدات، بەڵام ئێوە گوتتان هۆكارەكەی ئەمنییە".

هەروەها دەڵێ كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە هیچ چارێكیان نەبووە جگە لە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی گەیاندن لە هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم كە تاكە كۆمپانیایە مافی ئەو كارەی هەبێ و بتوانێ عێراق لە رێگەی پارێزگای دهۆكەوە بە توركیا ببەستێتەوە.

باس لەوەش دەكات ئەو گرێبەستە سەرچاوەیەكی داهاتی گەورەی بۆ عێراق و كوردستان دابیندەكرد كە مانگانە نزیكەی 120 ملیۆن دۆلار بووە. ئەوەش وەك ئەو دەڵێ "دووەم گەورەترین داهاتە لەدوای نەوت".

ئەو پڕۆژەیە كە بایی 150 ملیۆن دۆلارە و ئێستا بە فەرمانی مالیكی بە بیانووی" كاریگەری ئەمنی" لە مانگی تەمموزەوە وەستێندراوە، 80%ی كارەكانی لەلایەن كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆمەوە تەواوبووە. كاوە عەبدوڵڵا جونێد، سەرۆكی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی "ئێمە دوای ئیمزاكردنی گرێبەستەكە لە 2011 دەستمان بەكاركرد و هێڵی فایبەر ئۆپتیكمان تاوەكو فاو برد و 150 ملیۆن دۆلارمان تێدا خەرجكردووە".

سەرۆكی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم، رەتیكردەوە كە ئەو پڕۆژەیەی ئەوان هیچ كێشەیەكی ئەمنی بۆ عێراق دروستبكات و گوتی "مالیكی پێی باشە ئەو پڕۆژەیە لەلایەن كۆمپانیایەكی ئێرانییەوە جێبەجێبكرێ".

هاوكات هەڕەشەی ئەوەشی كرد كە پەنا دەبەنە بەر دادگا "سكاڵا لەسەر نوری مالیكی، سەرۆك وەزیران تۆمار دەكەین". گوتیشی "دەبێ ئەو پارەیەی خەرجمان كردووە بۆمان بگەڕێننەوەو گرێبەستەكەش بۆ 15 ساڵ بووەو دەبێ حكومەتی عێراق سوودی ئەو 15 ساڵەش بدات".

ڤیان دەخیل، سەرۆكی لێژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە لەپەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند " 10 لیژنەی بەدواداچوون بۆ ئەو گرێبەستە پێكهێنران و لە پەرلەمانیش لیژنەیەك پێكهێنرا، بەڵام هیچ شتێكی نایاسایی لە گرێبەستەكەدا بۆ هەموو ئەو لێژنانە دەرنەكەوت"، گوتیشی لەبەرئەوە مالیكی مافی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار