فوئاد حوسێن: ئەمەریكا هیچ شتێكی لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكان پێ ڕانەگەیاندووین

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، حكوومەتی ئەمریكا هیچ كێشەیەك و تێبینیەكی نییە لەسەر گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و بیانییەكانی تر بەردەوامن لە هاتن بۆ هەرێم و كاركردنیان لە بواری نەوتدا .
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیكا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدایە و هەرێم پێشەلی دەستووری نەكردووە.
زاتر گوتى حكوومەتی ئەمەریكا نە بە رەسمى و ناڕەسمى و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هیچی لەبارەی گرێبەستیە نەوتییەكان بە هەرێمی كوردستان ڕانەگەیاندووە و ئەگەر ئەوان تێبینیەك یان شتێكیان هەبوایە باسیان دەكرد .
پێشتر ڤیكتۆریا نۆلاندی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكیدا رای گەیاندبوو، پێویستە لەسەر كۆمپانیاكانی نەوت مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكەن و بەشێوەیەكی راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكەن، وەك ئەوەی كۆمپانیاكانی ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆنی ئەمەریكایی و تۆتالی فەڕەنسی كردوویانە.
نۆلاند زیاتر راى گەیاندبوو كە ئەوەی پێوەندی بە كۆمپانیا ئەمەریكاییەكانەوە هەیە، جەختكردنە كە ئیمزاكردنی گرێبەستی نەوتی بۆ بەرهەمهێنان یاخود دەرهێنانی نەوت لەهەر ناوچەیەكی عێراقدا بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتدارانی حكوومەتی فیدراڵی، رووبەڕووی ئاستەنگی یاساییان دەكاتەوە.
نۆلاند ئاماژەی بەوەشدا، كۆمپانیاكانی نەوت خۆیان بڕیار دەدەن لەسەر كارەكانیان، بەڵام نەبوونی یاسایەكی فیدراڵی لەو بوارەدا لە عێراق، كە ئەوان داوای دەركردنی دەكەن، تووشى كێشە و ئاستەنگیان دەكاتەوە.
لە بەرامبەردا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاندبوو ئەم هەواڵە ئەسڵ و ئەساسی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، بگرە كۆمپانیای زیاتریش لە هەرێم خەریكن لە بواری نەوتدا كار دەكەن، ئەمە تەنیا پڕوپاگەندەیە و هیچی تر .
زیاتر گوتبووى ئەو قسەیە پڕوپاگەندەی ئەو كەسانەیە كە حەز دەكەن ئەمریكا قسەیەكی وا بكا، ئەگەرنا ئەمریكا نە بە رەسمى و نە بە نا رەسمى هیچ قسەیەكی وای نەكردووە و هیچیشی پێمان ڕانەگایندووە وەك حكوومەت .




