هەولێر بووەتە ناوەندێكی گرنگی وزە لە جیهاندا

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای "پیرامیك"ـی توركی، بە "هەولێر"ـی ڕاگەیاند كە دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و غاز زەمینە بۆ بەستنی چەندین گرێبەستی نەوت و غاز لە هەرێم خۆش دەكات. چاودێرێكیش پێی وایە كە هاتنی ئەو هەموو كۆمپانیایانە، هەولێری كردووەتە ناوەندێكی گرنگی وزە لە جیهاندا.
ئەمڕۆ (3\9\2012) دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و غاز لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەست بە كارەكانی خۆی دەكات. بەڕێوەبەری پێشانگە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر (عەبدوڵڵا محەممەد) بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە (50) كۆمپانیا لە (14) وڵاتی گەورەی جیهانەوە لەو پێشانگەیەدا بەشدار دەبن. ئەو ڕوونیشی كردەوە كە ئەو پێشانگەیە چوار رۆژ دەخایەنێت و ئاماژەیشی بەوە دا كە كۆمپانیای "پیرامیك"ـی توركی بە رێكخستنی ئەو پێشانگەیە هەستاوە.
دەستپێكردنی دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و غاز لە كوردستان، لە كاتێكدایە كە حكوومەتی بەغدا مامەڵەكانی هەرێم لەگەڵ پرسی نەوت و غاز بە ناشەرعی دەزانێت و ئامادەیش نییە پارەی ئەو كۆمپانیایانە بدات كە لە هەرێم كار دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە و كارەكەی خۆی بە دەستووری دەزانێت، داوایش دەكات بە زووترین كات یاسای نەوت و غاز لە عێراق پەسەند بكرێت.
بەڵام وێڕای هەموو ئەوانەیش بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای "پیرامیك"ـی توركی (باسم میسری) بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە كۆمپانیایەكی گەورەی وەكوو كۆمپانیای غازی شیمال، لەو پێشانگەیەدا بەشدارە و بە گوتەی ئەویش هەموو ئەو كۆمپانیایانە بە هەبوونی دڵنیاییەكی یاسایی و سیاسی بەشدارییان لەو پێشانگەیەدا كردووە. ئەو ڕوونیشی كردەوە كە یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی كۆمپانیا بەشداربووەكان لەو پێشانگەیەدا، واژۆكردنی گرێبەستە نێوخۆیی و جهانییەكانە.
(باسم میسری) ئاماژەیشی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و غازە و لەوانەیش گرنگتر راكێشانی هێڵەكانی گواستنەوەیە، كە بە بۆچوونی ئەو، بەشداریی كۆمپانیای غازی شیمال دەرفەتێكی باشە بۆ گواستنەوەی غازی هەرێم.
لە لایەكی دیكەیشەوە و سەبارەت بە گرنگیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و غاز لە هەرێم و كاریگەری و رێكارەكانی، شارەزا و سەرۆكی پێشووی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق (عەلی حوسێن بەلۆ) بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە هەولێر بووەتە ناوەندێكی گرنگی وزە و هەر بۆیەیش پێگەی پایتەختی هەرێم لەو پێشانگەیەدا بەرچاوە. ئەو گوتیشی كە كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت و غاز مافی خۆیانە لە هەموو شوێنێكی ئەو گۆی زەوییە، بازاڕی كار بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
(عەلی حوسێن) پێیشی وایە كە كۆمپانیاكان دەچنە ئەو شوێنانەی كە گرفتی یاسایی و دەستوورییان نەبێ. ئەو شارەزایە، گوتیشی كە كۆمپانیا بەناووبانگەكانی وەكوو "ئیكسۆن مۆبیل" و "توتال"ـی فەڕەنسی" و "شێفرۆن" و "گاز پرۆم"ـی رووسی لە هەرێمی كوردستانن، دووەم پێشانگەی نێودەوڵەتییش وا دەكات كە كۆمپانیاكانی دیكەیش ململانێی رازیكردنی حكوومەتی هەرێم بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بكەن.
هەر بۆیەیش بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای "پیرامیك"ـی توركی (باسم میسری) ڕوونی كردەوە كە چاوەڕێ دەكرێت كۆمپانیا بەشداربووەكانی دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و غاز چەندین گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و لە نێوان خۆیشیاندا واژۆ بكەن.
بە كورتی:
-هەرێمی كوردستان توانای بەرهەمهێنانی (250) هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەیە.
- هەرێم دەیەوێت تا كۆتایی ئەمساڵ ئاستی بەرهەمهێنانەكەی بگەیەنێتە (300) هەزار بەرمیل.
- یەدەكی نەوتی هەرێم بە (450) ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت.
- یەدەكی غازی هەرێمیش بە (3) تا (6) ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەكرێت.
- هەرێمی كوردستان دەخوازێت تا ساڵی (2015) رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.
- لە ئێستادا (50) كۆمپانیای لە (14) وڵات، بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتین.
- وڵاتە بەشداربووەكانیش بریتین لە )ئەمەریكا، نەرویج، كەنەدا، ئەڵمانیا، سویسرا، رۆمانیا و چەند وڵاتێكی دیكە).




