٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەندامانى لێژنەی مادەی 140 دەكرێنە 17 كەس

سەرچاوە: KDP.info

سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ئەندامانی لێژنەی باڵای مادەی 140 لە 34 كەسەوە دەكرێنە 17 كەس بۆ ئەوەی بتوانرێ بەباشی كارەكانى بەڕێوە ببەن.

موحسین سەعدوون جێگری سەرۆكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لێژنەی باڵای مادەی 140 بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە: لێژنەی باڵای مادەی 140 لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراقەوە پێك هاتبوو و ژمارەیان 34 ئەندام بوو كە بەهۆی زۆری ئەو ڕێژەیە نەدەتوانرا كۆنتڕۆڵ هەبێ لەسەر هەموو ئەندامەكان و ئاگەداری ئیشوكاری یەكتر نەبوون، بۆیە جۆرێك لە ناهاوئاهەنگییەك لەنێوان ئەندامانی لێژنەكەدا هەبووە.

گوتیشى، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە هاوكات سەرۆكی لێژنەكەیە، داوای كردووە دەبێ ئەم ڕێژەیە بكرێتە 17 كەس بۆ ئەوەی كارەكان بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێ.

سەعدوون راشیگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا جیاوازیی سیاسی هەبوو لەنێوان لایەنەكان بەشێك لەم كەسانەی كە ئەندام بوون لە لیژنەكە لە كۆبوونەوەكانى تایبەت بە مادەی 140 ئامادە نەدەبوون و بۆیە سەرۆكی پەرلەمان ویستی ئەمە ڕێكبخرێتەوە ئەگەر جیاوازیی سیاسیش هەبێ كار نەكاتە سەر كاری لێژنەكە.

گوتیشى "لێژنەكەمان لە ڕابردوودا ئەوەی لە توانای هەبووە كاری كردووە، بەجۆرێك پێشنیازەكانی خۆی لەبارەی مادەی 140 داوە بە حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی.

جێگای باسە لێژنەی باڵای بەدواداچوونی مادەی 140 لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێك هاتووە كە نوێنەری سەرجەم لیستەكانی تێدایە و كاری بەدواداچوونە بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و مادەكانی مادەی 140.
 

هەواڵی پەیوەندیدار