مالیكی و 67 پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا سامانی خۆیان بۆ دەستەی نەزاهە ئاشكرا ناكەن

تا 15/8/2012، مالیكی و حەوت لە وەزیران و 286 پەرلەمانتار، ئامادە نەبوون سامانی خۆیان ئاشكرا بكەن. بڕیاردەری لیژنەی نەزاهەیش دەڵێت: "مالیكی و لیستەكەی بەرپرسیاری یەكەمن لە گەندەڵی لە عێراقدا و دەوڵەتی یاسا تەنیا دروشمە نەك كردار."
بەپێی زانیارییەكانی دەستەی نەزاهەی عێراق، لە كۆی 482 ئەندام و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، تەنیا 196ـیان ئامادە بوون سامانی خۆیان ئاشكرا بكەن. لە كۆی 15 سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای عێراقیش جگە لە هەرێمی كوردستان، 3ـیان ئامادە نین سامانی خۆیان ئاشكرا بكەن.
هەروەها جگە لەوەی هیچ ئەندامێكی پارێزگاكانی كەربەلا و نەجەف سامانی خۆیان ئاشكرا نەكردووە، هەڵوێستی پارێزگای بەغدا بەم شێوەیە كە لە كۆی 57 ئەندامی ئەنجوومەن، تەنیا 29ـیان سامانی خۆیان ئاشكرا كردووە كە لەنێویاندا سەرۆكی ئەنجوومەن هەیە.
پارێزگای نەینەوا لە كۆی 38 ئەندام، تەنیا 18ـیان سامانی خۆیان ئاشكرا كردووە. هەرچی پارێزگای سەڵاحەدینە، لە كۆی 28 ئەندامی ئەنجوومەن، تەنیا 5ـیان ئاشكرایان كردووە. پارێزگای كەركووك و دیالەیش لە كۆی 41 ئەندام و 29 ئەندام بە دوای یەكدا، تەنیا سەرۆكی ئەنجوومەن ئامادەیی بۆ ئاشكراكردنی سامانی نیشان داوە.
پارێزگای ئەنباریش لە كۆی 29 ئەندام، تەنیا 3ـیان ئامادەییان بۆ ئاشكراكردنی سامان نیشان داوە. لە واستیش لە كۆی 29، تەنیا 9ـیان سامانیان ئاشكرا كردووە. لە بابلیش لە 30 كەس تەنیا 17ـیان سامانی خۆیان ئاشكرا كردووە. هەرچی دیوانییەیە لە كۆی 28 كەس تەنیا 10ـیان وەڵامیان داوەتەوە.
موسەننایش هەموو ئەندامان كە 26ـن، وەڵامیان داوەتەوە. هەرچی پارێزگای كەربەلایە هیچ ئەندامێك ئامادە نەبووە سامانی خۆی ئاشكرا بكات. نەجەفیش تەنیا یەك ئەندام وەڵامی نەداوەتەوە، لە كۆی 31 ئەندامی پارێزگای "زیقار"ـیشدا تەنیا 17ـیان وەڵامیان داوەتەوە.
هیچ ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای میسانیش وەڵامی نەداوەتەوە و لە كۆی 35 ئەندامی پارێزگای بەسرایش 33ـیان سامانی خۆیان ئاشكرا كردووە. واتە لە كۆی 482 ئەندام و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا لە عێراق بە بێ سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، تەنیا 196ـیان سامانی خۆیان ئاشكرا كردووە، واتە رێژەی ئاشكراكردنی سامان لەنێو ئەندامان و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا 40,7% بووە.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق د. ئەحمەد حەسەن چاوشین لە لێدوانێكدا بۆ "هەولێر" ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "لێپرسینەوە لە سامان لە وڵاتانی پێشكەوتوو و شەفافدا پێوەرێكی زۆر گرنگە بۆ رێگەگرتن لەگەندەڵی." لەگەڵ ئەوەیشدا پێی وا نییە ئەم رێوشوێنە لە عێراقدا كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، ئەگەرچی "باشترە لەوەی نەبێت."
لە كۆی 325 پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا 68ـیان تاوەكوو 15/8/2012 سامانی خۆیان بۆ دەستەكە ئاشكرا كردووە، یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان كە قوسەی سوهێلـە، سامانی خۆی ئاشكرا نەكردووە. لە كۆی 57 پەرلەمانی كوردی، تەنیا 24ـیان سامانی خۆیان بۆ دەستەكە ئاشكرا كردووە. لەكۆی 89 پەرلەمانتاری لیستی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، تەنیا 22ـیان ئامادە بوون سامانی خۆیان بۆ دەستەی نەزاهە ئاشكرا بكەن.
بەو پێیە تەنیا 20,9%ـی پەرلەمانتاران سامانی خۆیان ئاشكرا كردووە.
بڕیاردەری لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق خالید عەلوانی رەخنەی توند لەو لیستە دەگرێت و دەڵێت كە سەرۆكوەزیران دەبووایە بیسەلمێنێت كە لیستەكەی بەس بەناو لیستی دەوڵەتی یاسا نییە. دەیشڵێت: "ئەگەر لیستەكەی سەرۆكوەزیران بە ئاشكراكردنی سامانەوە پابەند نەبێت، واتە وڵات بەرەو داڕووخانی زیاتر دەچێت و دەوڵەتی یاسا تەنیا دروشمە نەك كردار."




