سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: سەرۆك بارزانی و ئه‌یاد عه‌لاوی و موقته‌دا سه‌در بەمنزیكانە كۆنابنه‌وه

سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌تیكرده‌وه، كە هەریەك لە سەرۆك مەسعود بارزانی و ئه‌یاد عه‌لاوی و موقته‌دا سه‌در به‌م نزیكانه كۆببنه‌وه.
"فوئاد حوسێن" له‌لێدوانێكدا به‌ئاكانیوزی ڕاگه‌یاندووە بارودۆخی ئێستای عێراق نابێت به‌م شێوه‌یه بمێنێته‌وه، چونكه هیچ لایه‌نێك ئه‌مه‌ی قبووڵ نییه.
وتیشی، به‌هۆی پشووه‌كانی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه هیچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نه‌نراوه، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ده‌ست ده‌كرێت به چه‌ندان كۆبونه‌وه‌ی دوو لایه‌نی و سێ لایه‌نی، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنده‌وه بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای وڵات بكرێت.
له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی سێ قۆڵی سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه، كۆبوونه‌وه شتێكی ئاساییه، به‌ڵام هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌نێوان سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی ئیئتلافی عێراقییه و سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له ئارادا نییه.
فوئاد حسێن دووپاتیشی كرده‌وه، ، به‌ره‌ی نه‌یارانی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌رده‌وامن له هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر مالكیش به‌رده‌وام بێت له‌سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وا ئه‌م به‌ره‌یه هه‌ر ده‌مێنێته‌وه.




