٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەشواق جاف: یاسای گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراق هەموار دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بڕیاردەری لێژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد یاسای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق هەموار دەكرێتەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی هەرێمیش دەڵێ، ئێمە داوای هەمواركردنەوەمان كردووە.

ئەشواق جاف بڕیاردەری لێژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە، وەكو لێژنەی مافی مرۆڤ داوامان لە وەزیری مافی مرۆڤی عێراق كرد بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە و ڕەزامەندیان دا، بۆیە نووسراومان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی تێبینی هەرێم لەبارەی یاساكە بخەنە ڕوو، چونكە كورد خاوەنی زیاتر لە نیوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراقە.

ئاماژەی دا، هەمواركردنەوەكەی پێویستە، چونكە یاساكەزۆر كەموكورتی هەیە، بۆ نموونە، كورد خاوەنی ئەو هەموو قوربانییەیە كە ئێستە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق دەدۆزرێنەوە، بەڵام كورد لەو لێژنەیەی سەربەرشتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەكەن ژمارەیان زۆر كەم دیاری كراوە.

گۆڕە بە كۆمەڵكەان ئەو چاڵانەن كە پرووسكی قوربانیانی دەستی رێژیمی پێشووی عێراق لەناویادا شاردراونەتەوە و لە دوای 2003ەوە بەشێكیان دەرهێنراون و گوازراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.

لەلایەن خۆشیەوە فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، یاساكە هەموو دەسەڵاتەكانی بە وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق داوە بۆ هەڵدانوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە كاتێكدا زۆربەی قوربانیانی ناو گۆڕەكان كوردن.

عوسمان گوتیشی، وەك وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی هەرێم داوای هەمواركردنەوەی ئەو یاسایەمان كردبوو، چونكە بەشێوەیەكی ڕوون ناوی هەرێمی تیادا نەهاتبوو، هەروەها پێویستە هەرێمی كوردستان بە یاسا بۆی هەبێ تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دروست بكات.

جێگای باسە یاسای هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە ساڵی 2005 پەسند كراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار