٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاپۆرتێكی ڕۆیته‌رز له‌باره‌ی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌

سەرچاوە: Hewler


جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق دكتۆر رۆژ نووری شاوەیس ڕایدەگەیەنێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا دانوستانەكانی دەست پێ بكاتەوە بۆ مەبەستی چارەكردنی كێشەكانی نێوانیان.

دەرچوونی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق
ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزـی ڕاگەیاند كە دەرچوونی یاسای تایبەت بە نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراقدا هەن.

دكتۆر رۆژ لەو بارەیەوە گوتی: دەركردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 هەروەكوو چۆن لە لایەن تەواوی پارتە سیاسییەكانی عێراقەوە ڕەزامەندی لە سەر دراوە و ئەنجامدانی هەندێك چاكسازی تێیدا بە جۆرێك كە لە لایەن تەواوی پارتەكانەوە پەسەند بێت.. باشترین ڕێگەیە بۆ چارەكردنی ئەو تەنگژەیەی ئێستا وڵاتی گرتووەتەوە.

جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەوەشی ئاشكرا كرد لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی كورد لەگەڵ بەرپرسی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەكان ئیبراهیم جەعفەری كۆ بوونەتەوە و دەربارەی چەندین تەوەر قسەیان كردووە. دكتۆر ڕۆژ گوتی كە دانوستانەكان ئەرێنی بوون و هەر بۆیەیش دەكرێت پەرەیان پێ بدرێت.

دەرفەت بۆ چارەكردنی كێشەكان
ڕۆیتەرز دەڵێت كە لێدوانە ئەرێنییەكانی دكتۆر رۆژ ئەوە پێشان دەدەن كە دەكرێت جیاوازییەكانی نێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی حكوومەتی ناوەندی دەربارەی نەوت، ناوچە جێناكۆكەكان و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات چارە بكرێن و بەو جۆرەیش كۆتایی بەو ئاڵۆزییە بێت كە ماوەیەكە لە نێوان هەردوو لادا دروست بووە.

حكوومەتی ناوەندیی بەغدا بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی سیاسەتی نەوتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ئەم دژایەتیكردنە نەبووەتە هۆی شكستهێنان بە سیاسەتی نەوتیی حكوومەتی هەرێم.

بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا گرێبەستیان لەگەڵ چەندین كۆمپانیای گەورەی بواری وەبەرهێنانی نەوت لەوانەیش هەردوو كۆمپانیایئێكسۆن و چێڤرنـی ئەمەریكی و تۆتاڵـی فەرەنسی و گازپرۆمـی ڕووسی واژۆ كردووە.

سیاسەتی تاكڕۆیانەی مالیكی و نەبوونی شەراكەتێكی ڕاستەقینەیش لە بەڕێوەبردنی كاروباری عێراقدا، یەكێكی دیكەیە لەو هۆكارانەی وای كردووە كێشەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی قووڵ بێتەوە.

مالیكی پشتی لە تەواوی ڕێككەوتننامەكان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری عێراق بە شێوەیەكی هاوبەش كردووە و تاكوو ئێستایش خۆی وەزارەتەكانی بواری ئەمنی بەڕێوە دەبات و دەستی بە هەڵمەتێكیش كردووە بۆ دوورخستنەوەی نەیارانی لە هەموو پۆستێك.

كوردستان مافی دەستووریی خۆی داوا دەكات
ساڵی ڕابردوو مالیكی و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە تاكوو دیسێمبەری ساڵی 2011 هەندێك گۆڕانكاری لە یاسای تایبەت بە نەوت و غازی ساڵی 2007ـدا بكەن.

ڕێككەوتنی ئەوان بەو جۆرە بوو كە ئەگەر ئەو گۆڕانكارییە نەكرا، ئەوا یاساكە وەكوو خۆی لە پەرلەماندا دەربچێت، بەڵام كاتەكە تێپەڕی و تاكوو ئێستایش هیچ كام لەو هەنگاوانە هەڵنەگیراون.

دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس بە رۆیتەرزـی ڕاگەیاند كە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێیان وایە واژۆكردنی ڕێككەوتننامە لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، مافێكی دەستووریی خۆیانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا كە بەرپرسانی حكوومەتی ناوەندی تاكوو ئێستایش لە بواری نەوت و غازدا یاساكانی سەردەمی رژێمی سەددام پێڕۆ دەكەن، نەوەك یاسای نوێ و ئەمەیش وای كردووە ئەم جۆرە كێشانە دروست بن.

هەواڵی پەیوەندیدار