٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هێرشێكی بەرفراوان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شاری حه‌له‌ب ده‌ستی پێكرد

سەرچاوە: Hewler

سەربازانی سوپای سووریای ئازاد، دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنی حەلەب و شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری.

ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافی مرۆڤ لە سووریا، بڵاوی كردەوە كە هێرشەكە لە شەوی هەینییەوە دەستی پێ كردوەوە و تاكوو ئێستایش سەربازانی جیابووەوە توانیویانە زیانی گەورە بە سوپای سووریا بگەیەنن.

چالاكوانانیش لە حەلەب ئاشكرایان كرد كە سەربازانی سوپای سووریای ئازاد لەم هێرشەیاندا سوود لە تانك و چەندین جۆرە چەكی قورس وەردەگرن و لەو ڕێگەیەیشەوە توانیویانە دەیان سەربازی سوپای وڵات بكوژن و چەندین بارەگای سوپایش وێران بكەن.

شەڕ و پێكدادانی توندیش لە نێوان سەربازانی سوپای سووریا و سەربازانی جیابووەوە لە پارێزگاكانی دەرعا و دیمەشق و حمس و ئیدلیب بەردەوامە و رۆژانەیش دەیان كەس دەبنە قوربانی.
خۆپێشاندان شارە گەورەكانی گرتەوە

هاوكات خۆپێشاندانی بەرفراوان دژ بە حكوومەتی سووریا، شار و شارۆچكەكانی وڵاتی گرتەوە.

هەزاران كەس پاش نوێژی هەینیی دوێنێ رژانە سەر شەقامەكانی شار و شارۆچكەكانی نزیك دیمەشق و ڕایانگەیاند تانك و زرێپۆشەكان هاووڵاتیان بێدەنگ ناكەن و سوپای وڵاتیش لە ترسی گەییشتنی ئەم خۆپێشاندەرانە بۆ ناو دیمەشق، ڕێگە سەرەكییەكانی ئەو شارەیان داخست.

هەزاران كەسیش لە ناوەندی حەما و شارەكانی پارێزگای دەرعا كۆ بوونەوە و بە دروشمی مەرگ لە سوكایەتیكردن باشترە خۆپێشاندانیان دژ بە حكوومەتی سووریا ساز كرد.

خۆپێشاندەران داوایان لە سەربازانی سوپای وڵاتەكەیشیان كرد واز لە كوشتنی هاووڵاتیان بهێنن و پێوەندی بە سوپای سووریای ئازادەوە بكەن.

فەڕەنسا هۆشداری دەداتە بەشار ئەسەد
لە لایەكی دیكەوە، حكوومەتی فەڕەنسا هۆشداریی توندی دایە بەرپرسانی سووریا لە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دژ بە سەربازانی جیابووەوە و هاووڵاتیان.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لۆرێنت فابیەس گوتی كە ئەگەر سوپای سووریا ئەو كارە بكات، ئەوا فەڕەنسا چاوەڕێی ڕەمەزاندیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی ناكات و كردەی سەربازی دژ بە حكوومەتی سووریا ئەنجام دەدات.

سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆنـیش ڕایگەیاند كە پێویستە حكوومەتی سووریا واز لە بەكارهێنانی چەكی قورس بهێنێت لەو شەڕەدا كە وڵاتەكەی گرتووەتەوە.

ناوبراو لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكوەزیرانی سووریا وائیل ئەلحەلاقی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وەلید موعەلیم گوتی كە پێویستە شەڕ و توندوتیژی لەو وڵاتە بوەستێت و گەورەترین بەرپرسیارێتییش بۆ وەستاندنی ئەم توندوتیژییە، لە ئەستۆی حكوومەتدایە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار