٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەلاح مستەفا: بەغدا كێشەى هەیە لەگەڵ خۆى و تەواوى عێراق نەك هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

ەرپرسی پێوەندییەكانى دەرەوەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ڕاى گەیاند، بەغدا كێشەى هەیە لەگەڵ خۆى و تەواوى عێراق نەك هەرێمى كوردستان بەتەنیا، هاوكات دووپاتى كردەوە داخستنى نووسینگەى هەرێم لە بەغدا ڕەت كردنەوەى كارى هاوبەشە.

فەلاح مستەفا لە لێدوانێدا بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) سەبارەت بە كێشەكانى هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕاى گەیاند، تەنیا دەمەوێ ئەوەى ڕاست بكەمەوە كە بەغدا كێشەى هەیە لەگەڵ خۆى و تەواوى عێراق نەك هەرێمى كوردستان، ئێمە كێشە نین.

مستەفا ئاماژەى دا، بە بودجەیەكى سنووردار كە بەغدا وەكو منەتێك دەیدا بەهەرێمى كوردستان توانیومانە لە ڕووى ئابوورى و كۆمەڵایەتی و سیاسى و تەندروستى و پەروەردەیییەوە كۆمەڵگا بەرەوپێش ببەین و دامەزراوە بنیات بنێین و ئومێدێك ببەخشینە داهاتووى گەلى كوردستان".

زیاتر گوتى، لە كاتێكدا گەلانى عێراق تاكو ئێستە سەقامگیری و ئارامى و ئاسایش و خزمەتگوزارییان بەخۆوە نەبینیوە، بەغدا شەڕ بە هەرێمى كوردستان دەفرۆشێ.

مستەفا دووپاتى كردەوە سەركەوتنى پڕۆسەى سیاسى عێراق بەندە بەبوونى ئیرادەیەكى سیاسى بەهێز لە بەغدا تاوەكو پابەند بێ بە دەستوور، پاشان ئەو ڕێككەوتننامەى هەولێر جێبەجێ بكا لە بەرژەوەندى عێراق پێش هەموو لایەنێك پاشان لە بەرژەوەندى هەرێمى كوردستان.

لەبارەى داخستنى نووسینگەى هەرێم لە بەغدا گوتى "لە هەموو سیستەمى فیدراڵى لە جیهان دەبێ هەرێمەكان بەیەكەوە بوونیان هەبێ لە ناوەند بۆ ئەوەى میكانیزمى پێوەندییەكان ڕێك بخەن، بەڵام ئەوانە نیازى بەغدا پێشان دەدا كە دەیانەوێ كێشەكان قوڵتر بكەن و ئەو كێشانەى خۆیان هەیانە بیشارنەوە و كێشەى تر دروست بكەن تاوەكو پرسە ڕاستەقینەكان بشارنەوە".

بەپرسى پێوەندییەكانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ئاماژەى دا، هەرێمى كوردستان بەردەوام دەبێ لەسەر سیاسەتى خۆى و بوون یان نەبوونى نووسینگەیەك لە بەغدا نابێتە مایەى وەستانى حكوومەتى هەرێم و نەبوونى ئەو نووسینگەیە كاریگەرى خراپى بەسەر بەغدا دەبێ، بەسەر تێڕوانینى خەڵك بۆ بەغدا نەك بۆ هەرێم.

"ئەوان لە پێگەیەكى لاوازدان و ئێمە لە پێگەى بەهێزین. دەمانەوێ هاوئاهەنگى بكەین و پێكەوە كار بكەین. هەڵوێستى بەغدا ڕەتكردنەوەى كارى هاوبەش و هاوبەشى ڕاستەقینەیە بۆیە ئێمە خۆشحاڵین بەهەڵوێستى خۆمان چونكە هەڵویستمان هەڵقوڵاوە لە پابەندبوون بەدەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە" مستەفا گوتى.

لە 15ى ئاب/ئۆگستسى ڕابردوو سەرچاوەیەك لە نوێنەرایەتیی حكوومەتى هەرێمى كوردستان لە بەغدا ڕاى گەیاند، ئەمینداریی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەبیانووى نەبوونى بەڵگەنامەى ڕەسمى بەنووسراوێك بڕیارى داخستنى نووسینگەى هەرێمى كوردستانى لە بەغدا دەركرد.

یەكشەمى ڕابردوو محەمەد ئیحسان نوێنەرى حكوومەتى هەرێم لە بەغدا بە (ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند، بەرپرسانى كورد لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانى حكوومەتى عێراق لە پێوەندیدان بۆ ئەوەى لە بڕیارى داخستنى نوێنەرایەتیی حكوومەتى هەرێم پاشگەز ببنەوە و هەرچەند بڕارى داخستنى نوێنەرایەتییەكە دراوە، بەڵام تا ئێستەش وەك نوێنەرى حكوومەتى هەرێم لە كارەكانمان بەردەوامین.

نووسینگەى نوێنەرایەتیی حكوومەتى هەرێمى كوردستان لە 2006 لە دواى سەردانى نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ هەولێر كرایەوە و ئەركى نووسینگەكە هاوئاهەنگییە لە نێوان بەغدا و هەولێر.

هەواڵی پەیوەندیدار