پارێزگاری كەركوك: وەزیری پەروەردە سەرجەم دامەزراندنەکانی بۆ عەرەب و هۆزەکەی خۆی تەرخان کردووە

دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك رەخنەی توندی لەمحەمەد تەمیمی وەزیری پەروەردەی عیراق گرت كە مافی هاووڵاتیانی شاری كەركوك پێشێل دەكات لەپرۆسەی دامەزراندندا.
لەكۆنگریەكی هاوبەشی نێوان پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا كە لیژنەی دامەزراندنی پەروەردەی كەركوك ئامادەیبوو، د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بەوەدا كە محەمەد تەمیمی وەزیری پەروەردەی عیراق كەسانی سەر بەعەشیرەتەكەی خۆی دادەمەزرێنێت و فێڵ لە فۆرمی دامەزراندندا دەكات كە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پڕدەكرێتەوە.
ووتیشی: بە هیچ شێوەیەك ئەو حاڵەتە قبوڵ ناكەین و داوای لەئەنجومەنی وەزیران كرد لێكۆڵینەوە لە وەزیری پەروەردەی عیراق بكات. هاوكات حەسەن تۆران سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند: سیستەمی دامەزراندن لەرێگەی ئینتەرنێتەوە تاك بڕیاری تیا بەدیدەكرێت و پێویستە بە شێوازێكی تر كار بۆ دامەزراندن بكرێت.




