لێژنەی نەوت و غاز: ڕەشنووسی 2007 دەبێتە یاسای نەوت و غاز

لێژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەێنێت: زۆربەی لایەنەكان پڕۆژەیاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 بە پەسند دەزانن ببێتە یاسای نەوت و غازی عێراقی و كوردیش ڕازییە بەوە.
ئێستا سێ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراقن، یەكەم لە ساڵی 2007 پێشكێش كرا بەڵام لەبەرنەبوونی تەوافوقی سیاسیی ئەو پڕۆژەیاسایە بە هەڵواسراوی مایەوە، پڕۆژەی دووەم لەلایەن لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانەوە پێشكێش كراوە، پڕۆژەی سێیەمیش لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان.
قاسم محەمەد بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە، ئەو لێژنەی لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێكهاتبوو بۆ دیاریكردنی یەكێك لەو سێ پڕۆژەیاسایەی نەوت و غاز كە لە پەرلەمانە ئەمڕۆ دەستی بە یەكەم كۆبوونەوەی خۆی كرد.
محەمەد، كە هاوكات پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی كوردستانییە ئاماژە بەوەش دەكات: لێژنەكە پێكهاتوون لە 6 ئەندامی لێژنەی یاسایی و 6 ئەندامی لێژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەكێك لەو 12 كەسە كوردە كە بەندەیە.
گوتی: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، لە گفتوگۆی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كە نوێنەری دوو فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمانن، هەردوولا رازی بوونە لەسەر ئەوەی ڕەشنووسی ساڵی 2007 ببێتە بنەما بۆ گفتوگۆ، ئێمەش وەكو كورد ڕەشنووسی 2007 بە گونجاو دەزانین.
بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز گوتی، ئەو رەزامەندییە سەرەتایییانە كاری لێژنە 12 كەسییەكە ئاسان دەكا بۆ بڕیاردان لەبارەی یەك لە سێ پڕۆژەیاساكە، كە دواتر دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە بۆ پەسندكردنی.
ئاماژەی بەوەش كرد بەپێی ڕێككەوتنی سەرجەم لایەنەكانیش هەمووان ڕازین بە كاری ئەو لێژنەیە، كە عەدنان جەنابی سەرۆكایەتیی دەكا. ئاشكراشی كرد نەتەوە یەكگرتووەكان بەشدار دەبێ لە دیاریكردنی پڕۆژەیاساكە بۆ ئەوەی كارەكان بە چاودێریی ئەوان بەڕێوە بچێ، بەڵام هیچ جۆرە دەستێوەردانێك ناكا و تەنیا راوێژیان پێ دەكرێ.




