٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێزێكی پۆلیس و سێ سرییە له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ هێنرانه‌ دووزخورماتوو

سەرچاوە: KDP.info

 بە هۆی خراپیی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەكە و زیادبوونی كردەوە تیرۆریستییەكانەوە، لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵه‌وه‌ هێزێكی گەورەی پۆلیس لە‌گەڵ سێ سرییە ڕەوانەی سنووری دووزخورماتوو کراون كە لە 500 پۆلیس پێكهاتوون. سەرچاوەیەكیش دەڵێت هاتنی ئەم هێزانە پاش ئەوە دێت كە پێشتر چەندینجار داوایان لە حكوومەتی هەرێم كردووە، هێز ڕەوانە بكەن.

قایمقامی شارۆچكەی دووزخورماتوو، شەلال عەبدول، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاندووە: "بە هۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی كە ناوچەكە ، لە دەرئەنجامی زۆربوونی كردەوە تیرۆریستییەكاندا پپێیدا تێدەپەڕێت و بە تایبەتی رووداوەكانی ئەم دواییەی شارەدێی ئامرلی  كە ژمارەیەك گەنج و مێرمنداڵ گوللەباران كران، حكوومەتی  فیدڕاڵ لە ترسی تەشەنەكردنی بارودۆخەكە هێزێكی پۆلیسی لە شێوەی فەوجێك لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە ڕەوانەی سنووری دووزخورماتوو كردووە كە سێ سرییەی لە گەڵدایە و بە هەموویانەوە نزیكەی 500 پۆلیس دەبن."

شه‌لال عەبدول،  گوتی: لەبەر ئەوەی پێشتر فەوجێكی لیوای 16ی سەر بە فیرقەی چوار لە دووزخورماتوو جێگیرا كراوە و رۆڵێكی باشیان هەبووە، بۆیە نەیانویستووە ناوچەكە بكرێتـە ناوچەیەكی سەربازی و  بۆ ئەم مەبەستەش تەنها یەك سرییەی هێزە پۆلیسییەكە هاتووه‌تە دووزخورماتوو و بەشی زۆری هێزەكە لەگەڵ سرییەك لە ناوەڕاستی شارەدێی سلێمان‌بەگ جێگیر كراون. هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه‌یه‌ ئەو ناوچەیە ژمارەیەكی زۆر چەكدار و تیرۆریستی تێدا كۆ بووەتەوە و سریەكەی دیكەیش لە شارەدێی ئامرلی جێگیر كراون.

قایمقامی شارۆچكەی دووزخورماتوو، راشیگەیاند: لە دوای ساڵی 2003وە، چەندینجار هەوڵیان داوە هێزێك لە خەڵكی سنوورەكە دروست بكەن و هەروەها داواشیان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە هێزێك ڕەوانەی ئەو ناوچەیە بكات بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكەوە سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەكە دابین بكەن، بەڵام بە داخەوە حكوومەتی هەریمَی كوردستان تا ئێستا هێزی رەوانە نەكردووە و هەربۆیە حكوومەتی فیدڕاڵ‌ لە ترسی تێكچوونی زیاتری ڕەوشەكە، ئەو هێزەی ناردووە كە راستەوخۆ لە لایه‌ن حكوومەتی فیدڕاڵه‌وه‌ سەرپەرشتی دەكرێت.

شه‌لال عه‌بدول ده‌شڵێت ئێستا سنوورەكە تا ڕادەیەكی باش ئارام  و سەقامیگره‌.

 

هەواڵی پەیوەندیدار