سەعد خالید: هێڵە گشتییەكانی ئەنجوومەنی دانوستاندن ئامادە كراون
رێكخەری كاروباری نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، چەند هێڵێكی گشتی بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن لە هەرێمی كوردستان ئامادە كراون، ئێستەش لە چاوەڕوانی دیتنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمن، بۆ ئەوەی ئەو هێڵە گشتییانە لە چوارچێوەی رەشنووسێكدا بۆ پڕۆژە یاساكە بێتە پەسندكردن.
سەعد خالید راگەیاند، بەپێی ئەو بڕیارەی لە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكان لەبارەی پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن لە هەرێمی كوردستان دراوە، دەبێ حكوومەتی هەرێم رەشنووسی پڕۆژەیەك ئامادە بكا، بۆ ئەوەی لەگەڵ رەشنووسی پڕۆژەكەی لایەنی ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەیاسایەك بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن گەڵالە بكرێ.
زیاتر گوتی، لەلایەن بەندە و محەمەد ئیحسان وەك نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن چەند بیروڕایەك ئالوگۆڕ كراوە و چەند هێلێكی گشتی لەچوار چیوەی رەشنووسێك گەڵاڵە كراوە.
روونی كردەوە، بەڵام ئێستە نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە لە چاوەڕوانی بینینی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانین، بۆ ئەوەی ئەو هێلە گشتییانەی ئامادە كراوە لە چوار چیوەی رەشنووسێك نیشانی بدرێ و پاشان لە چوارچیوەی ئەو رەشنووسەدا بێتە پەسندكردن.
هەروەها گوتی، ئەگەر هاتوو ئەو هێڵە گشتییانەدا هاتە پەسندكردن لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە، ئەوكات حكوومەت دەبێ لێژنەیەك پێك بێنێ و پڕۆژەیاسای حكوومەت بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە ئامادە بكا، بۆ ئەوەی لەگەڵ پڕۆژەكەی ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەیەك ئامادە بكرێ.
ئاماژەی بەوەش دا، ناكرێ ئەو هێڵە گشتییانەی ئامادە كراون بخەینە روو، چونكە هێشتا پەسند نەكراون، سەرباری ئەوەش كۆمەڵێك پێشنیازیش گەڵاڵە كراوە بەوەی لەناو ئەنجوومەنەكە دەستەیەك هەبێ سەرۆك حزبەكان لێی ئەندامن بۆ دانوستاندن یان نا، لەگەڵ كۆمەڵێك پێشنیازی تر.




