ئاسایشى کەرکوک فەرماندەیەکى قاعیدە دەستگیر دەکات

هێزەکانى ئاسایشى کەرکوکى پارتى دیموکراتى کوردستان دەستگیر کردنى فەرماندەیەکى سەر بە ریکخراوى تیرۆرستى قاعیدەیان راگەیاند.
بەپێى راگەیاندراوێکى ئاسایشى کەرکوکى پارتى دیموکراتى کوردستان دوێنێ 28 ى ئاب لە شارى کەرکوک هێزەکانى ئاسایش تیرۆرستێکیان دەستگیر کرد کە سەر بە رێکخراوى قاعیدەیە.
ئاسایشى کەرکوک ئەوەشى ئاشکرا کرد کە ئەو کەسە بەپێى دانپێدانەکانى لە ساڵى 2006 ەوە لە شارۆچکەى بێجى پەیوەندى بە رێکخراوى قاعیدەوە کردووە و پاشان کراوە بە فەرماندەى مەفرەزە و رەوانەى شارى کەرکوک کراوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئەو تاوانبارە لە شارى کەرکوک ژمارەیەک کردەوەى تیرۆرستى ئەنجامداوە، لەوانە تەقاندنەوەى ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەى بەغدا، هەروەها دەستى لە رفاندنى هاوڵاتییەکى تورکمانی شارۆچکەى خورماتوو هەبووە و پاشان بە بڕى 75 هەزار دۆلار ئازادى کردووە.
بەپیچى زانیارییەکانى راگەیاندراوەکە دەستگیر کراوەکە بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەى دادگاى کەرکوک کراوە.




