تائێستا پتر له ملیۆنێك و حه‌وت سه‌د هه‌زار هاوڵاتی سووریا هه‌ڵاتوون

پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه زیاتر له ملیۆنێك و حه‌وت سه‌د هه‌زار هاوڵاتی سووریا له وڵات هه‌ڵاتوون و سه‌رەوی دووسه‌د هه‌زاریش روویان كردووه‌ته وڵاتانی دراوسێ.
له‌كاتێكدا كه رێژه‌ی هه‌ڵاتووه‌كان هه‌روا به‌ره‌و زیاد بوود ده‌ڕوان و راپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه زیاتر ملیۆنێك و حه‌وت سه‌د هه‌زار كه‌س له‌شوێن و رێی خۆیان هه‌ڵكه‌ندراون، به‌ڵام ئه‌مه توندوتیژی و خوێنڕشتنی هاوڵاتیانی كه‌م نه‌كردووه‌ته‌وه و رۆژ له دوای رۆژ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له دیمه‌ش، پایته‌ختی سووریا چڕتر ده‌بێته‌وه.
به‌پێی هه‌واڵی كه‌ناڵی ئه‌لسوریه، ئۆرگانی رژێم، دوێنێ سێ شەممە له شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان سوپای سووریای ئازاد و هێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د له‌شاری دیمه‌شق ته‌نها دوێنی له‌و شاره 12 كه‌س كوژراوه و ده‌یه‌هاش بریندار بوون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێك له‌ناو پایته‌ختدا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، كۆمسیۆنی باڵای كۆچبه‌ران رایده‌گه‌یێنێ كه باری مرۆیی ئه‌و هه‌ڵاتووانه‌ی كه له شوێنه‌كانی خۆیان نه‌ماون به‌ره‌و خرابتر ده‌ڕوات و رێژه‌كه‌شیان هه‌روا له زیادبووندایه و تا ئێستا ته‌نها ئه‌وانه‌ی له‌ناو وڵاتدان و نه‌گه‌یشتوونه‌ته وڵاتانی دراوسێ، زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌سه.
كۆمسیۆنه‌كه راشیگه‌یاند كه ئه‌وانه‌ی كه توانیویانه ده‌ربازبن و وڵات به‌جێ بهێڵن رێژه‌كه‌یان گه‌شتووه‌ته 214 هه‌زار په‌نابه‌ر كه به‌سه‌ر چوار وڵاتی دراوسێی سووریا دابه‌ش بوون (توركیا، ئوردون، لوبنان و عێراق).
دوێنێ، نیكۆلا ماكارۆف، سه‌رۆكی ئه‌ركانی رووسی رایگه‌یاند "رووسیا ناخوازێت كۆتایی به مانه‌وه‌ی سه‌ربازی خۆی بهێنێت له سووریا" له‌وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسێكیش ده‌ڵێ "بۆچی ئێوه به‌وئاسته سه‌باره‌ت به ره‌وشی سووریا نیگه‌رانن؟!".




