دەستەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كەم دەكرێتەوە

سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر پێدانی دەستەڵاتی زۆرتر بە لیژنەكان هاوڕان و داوایش دەكەن پەرلەمانتاران راستەوخۆ نووسراو ئاڕاستەی حكوومەت بكەن.
ئەو كاتەی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (1992)ـدا بەپێی بڕگەی (8)ـی ماددەی (56)ـی یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق "پێڕۆی ناوخۆ"ـی پەرلەمانی دانا، هەلومەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لە زۆر رووەوە لە ئێستا نەدەچوو، بۆیە پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت كە (20) ساڵ بەسەر "پێڕۆی ناوخۆ"ـی پەرلەماندا تێپەڕیوە و لەگەڵ واقیعی ئێستای كوردستاندا ناگونجێت.
چڕبوونەوەی رەخنەكانی سەر "پێڕۆی ناوخۆ"ـی پەرلەمان وای كرد كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لیژنەیەكی تایبەت بۆ داڕشتنەوەی پێڕۆیەكی نوێ بۆ پەرلەمان دابمەزرێنێت.
سەرۆكی لیژنەی داڕشتنەوەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان دكتۆرە (ڕۆژان دزەیی) بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە لیژنەی پێوەندیدار دوێنێ سێشەممە (28\8) یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و (10) ماددەی سەرەتاییش بە كۆدەنگییەكی تەواوی فڕاكسیۆنەكان ئامادە كراون.
بەڵام پێدەچێت ئەو یەكدەنگییە تەنیا بۆ ماددەكانی سەرەتای پڕۆژەی "پێڕۆی ناوخۆ" بێت، چونكە فڕاكسیۆنەكان لەسەر هەندێك بڕگە و ماددە تێبینیی جیاوازیان هەیە. پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی گۆڕان، بە "هەولێر"ـی گوت كە چونكە گفتوگۆكان لە ژینگەیەكی دڵخۆشكەردا بەڕێوە دەچن، بڕیار دراوە ئەندامەكانی لیژنەكە لێدوانی رۆژنامەوانی نەدەن.
بەڵام پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی دكتۆر (ئەحمەد وەرتی) بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە پەرلەمانتاران لەسەر هەندێك مەسەلەی وەكوو "پێكهاتەی پەرلەمان" و "دەستەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان" و "مەرجەعكردنی پەرلەمان" و هەروەها "جۆری داڕشتنەوەی فڕاكسیۆنەكان" جیاوازیی بۆچوونیان هەیە.
یەكێكی دیكە لەو رەخنە و تێبینیانەی لەسەر پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان هەیە، كەمیی دەستەڵاتەكانی لیژنەكانی پەرلەمانە. سەرۆكی لیژنەی داڕشتنەوەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان دكتۆرە (رۆژان دزەیی) بە "هەولێر"ـی گوت كە سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆكن لەسەر ئەوەی كە لیژنەكانی پەرلەمان دەستەڵاتی زیاتریان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران بتوانن راستەوخۆ نووسراوەكانیان ئاڕاستەی حكوومەت بكەن.
بە رای دكتۆر (ئەحمەد وەرتی) پێڕۆیە كۆنەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ واقیعی سیاسیی ئێستای كوردستان نەگونجاوە و پێویستە بەشێك لە دەستەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆ لیژنەكان و تەنانەت بۆ دەستەڵاتی تاكەكەسی پەرلەمانتاران شۆڕ ببێتەوە.




