رۆژنامەی ئیندیپێندێنت: ترسی وڵاتانی ناوچەكە دابەشبوونی سوریا نییە، بەڵكو یەكگرتوویی كوردە

پاتریك كۆكبێرن لە رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانیدا بابەتێكی نوسیوە و تیایدا هاتووە، ئێستا كوردەكانی سوریا كاروباری ناوچەكەی خۆیان بەڕێوە دەبەن و ئارامی و ئاسایشی تەواویش لە شار و شارۆچكە كوردییەكاندا هەیە.
نوسەر دەڵێت، پێدەچێت كوردەكانی سوریا ئومێدی ئەوە بخوازن كە شەڕی ناوخۆی ئێستای وڵاتەكەیان بەردەوام بێت، چونكە بەردەوامبوونی ئەم شەڕە دەرفەتێكی باشتر و كاتێكی زیاتر دەداتە ئەوان بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە سوریادا بەهێزتر بكەن.
كۆكبێرن باس لەوە دەكات كە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا كورەدەكانی سوریا دەستكەوتنی زۆر گەورەیان بەدەست هێناوە، بەڵام كاتێك ئەم دەستكەوتانە واتای تەواویان دەبێت كە خوێندنەوەیەك بۆ هەستی نەتەوایەتی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكرێت، كە یەكێكە لە هێزە گەورەكانی ئەو ناوچەیە.
نوسەر پێی وایە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی و عێراق و توركیا بەشێوەیەكی تایبەتی كاریگەری گەورەیان لە سەر پێگە و دەسەڵات و قەوارەی كورد دەبێت.
كۆكبێرن نوسیویەتی، ئێستا هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمییە و لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەم حكومەتە، واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بواری سیاسی و سەربازی و ئابورییەوەش لە زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بەهێزترە.
نوسەر لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا دەڵێت، ئەگەر كوردەكانی سوریاش مافەكانی خۆیان بەدەست بهێنن و هاوشێوەی كوردەكانی باشووری كوردستان كاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەو كاتە بەرپرسانی توركیاش ناتوانن ماف بۆ كوردی وڵاتەكەیان دابین نەكەن.
كۆكبێرن دەڵێت بەرپرسانی ئەمەریكا و ئەنقەرە و بەغدا و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و جیهان پێیان وانەبوو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەم جۆرە كۆتاییات پێ بێت كە ئێستا دەبینرێت و هەربۆیەش تووشی سەرسامی و شۆك بوون.
نوسەر ئاماژە بە چەند دێڕێك لە نوسینێكی نوسەر ئەلیزا ماركەسی شارەزا لە كاروباری كورددا دەكات كە لە گۆڤاری زە ناشناڵ ئینتریستدا بڵاویكردوەتەوە و دەڵێت ترسی توركیا و سەرانی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و جیهان دابەشبوونی سوریا نیە. ترسەكە بەهێزبوون و هەنگاوهەڵگرتنی كوردە بەرەو یەكگرتویی.




