چوارشەم لێژنەی دیاریكردنی یاسای نەوت و غاز كۆدەبێتەوە

بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ڕۆژی چوارشەمی داهاتوو ئەو لێژنە تایبەتەی بۆ یەكخستنی هەرسێ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە عێراق پێك هاتووە دەست بە كۆبوونەوەكانی دەكا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەشدار دەبن.
نەوت و غاز یەكێكە لە ئاڵۆزترین كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و بەردەوام گرژی بەدوای خۆیدا دێنێ، بەشێك لە چاودێرانیش وای دەبینن هەر نەوتە سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانی عێراق.
پێشتر لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا بڕیار درا بە پێكهێنانی لێژنەیەكی 10 كەسی بۆ دیاریكردنی پرۆژەیاسایەك بۆ نەوت و غاز لەو سێ پڕۆژەیاسایەی كە لەكاتی جیاوازدا ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران كراوە.
قاسم محەمەد بە ئاكانیوزی ڕاگەیاند، لێژنەكە پێك هاتوون لە 5 ئەندامی لێژنەی یاسایی و 5 ئەندامی لێژنەی نەوت و غازی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەكێك لەو 10 ئەندامە كوردە كە بەندەیە.
"هیچ ماوەیەك دیاری نەكراوە بۆ كاری لێژنەكە، بەڵام ڕۆژی چوارشەم دەست بەكار دەبین و ئێمە تەنیا دەستنیشانی یەكێك لەو سێ پڕۆژەیە دەكەین كە هەیە و دواتر لە ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆی لەسەر دەكرێ و كار بۆ پەسندكردنی دەكرێ" محەمەد گوتی.
بڕیاردەری لێژنەی نەوت و غاز ئاشكرای كرد كە بەپێی ڕێككەوتنی سەرجەم لایەنەكان هەمووان ڕازین بە كاری ئەو لێژنەیە عەدنان جەنابی سەرۆكایەتیی دەكا.
ئاماژەی دا، نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری دەبێ لە دیاریكردنی پڕۆژەیاساكە بۆ ئەوەی كارەكان بە چاودێری ئەوان بەڕێوە بچێ، بەڵام هیچ دەستێوەردانێك ناكەن و تەنیا راوێژیان پێ دەكرێ.
لە ساڵی 2007ەوە تا ئێستە سێ پرۆژەیاسا بۆ نەوت و غاز گەیەنراونەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام هیچیان پەسند نەكراوە، بەهۆی رێك نەكەوتنی لایەنەكان لەسەری.




