دهۆک : پێشانگایه‌کی فۆتۆگرافی تایبه‌ت به کاره‌ساتی ئه‌نفال و رۆڵی دۆستی گه‌لی کورد دانیا میتیران ده‌کرێته‌وه

به بۆنه‌ی یادی 24 ه مین کاره‌ساتی ئه‌نفالی گه‌لی کورد ، هه‌روه‌ها هه‌ر وه‌کو ئه‌مه‌کداری و رێزلێنانێک له رۆڵی دۆستی گه‌لی کورد خۆالێی خۆشبوی دانیال میتیران هاوسه‌رۆکی پێشوی فه‌ره‌نسا ، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و لاوان له شاری دهۆک پێشانگایه‌کی فۆتۆگرافی بۆ رۆژنامه‌نووس شوکری به‌رواری له ژێر ناوی ( مادام دانیال میتیران وکورد و ئه‌نفال) له ژێر چاودێری ئارام ئه‌حمه‌د وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌کان ،سبه‌نێ سێ شه‌ممه رێکه‌وتی 28/8/2012 له کات ژمێر 11:30 به‌یانی له هۆلی گه‌له‌ری ده‌کاته‌وه.
له‌م پێشانگایه‌دا هه‌ر یه‌ک له رۆژنامه‌نووسی فۆتۆگراف جان لۆک سیمۆن و باسکال شاریرۆن و شوکری به‌رواری و به‌هاوکاری رۆژنامه‌ی ڵامۆنتانی ناوه‌راستی فه‌ره‌نسا و رێکخراوی فه‌ره‌نسا بۆ ئازادی که دۆستی گه‌لی کورد دانیال میتیران سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد به‌شدار ده‌بن .
هه‌روه‌ها له‌م پێشانگه‌یه‌دا زیاتر له 130 وێنه‌ی فۆتۆگرافی نمایش ده‌کرێن که ده‌ربڕین ده‌که‌ن له کاره‌ساتی ئه‌نفال و خیوه‌تگاکانی کۆچبه‌ران له ماردین و دیاربه‌کرو سه‌ردانه‌کانی به‌رێز میتیران بۆ ئه‌م خیوه‌تگایانه له تورکیا وفه‌ره‌نسا و رۆڵی ناوبراو له زیاتر ناساندنی دۆزی گه‌لی کورد و ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌ی که ده‌رهه‌ق کراون له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی پێشوویی عیراق.




