حكوومەتی هەرێم: لە 17%مان قبووڵ كرد وەكو نەرمی نواندن تا سەرژمێری دێتە ئەنجامدان

بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند لە 17%یان لە بودجەی عێراق قبووڵ كرد بۆ بەشی هەرێم، وەكو نەرمی نواندن تا ئەو كاتەی سەرژمێری لە عێراق ئەنجام دەدرێ، ئاماژە بەوەش دەكا هاتنی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت راستیی سیاسەتی نەوتیی هەرێم دەسەلمێنێ.
فەلاح مستەفا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی ئێمە دەیبینین لە بەغدا خۆدزینەوەیە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان، وەكو ئەوەیە كە هەوڵ بدەن خۆڵ بكەنە چاوی خەڵك بۆ شاردنەوەی ڕاستییەكان و وا پێشان بدەن كە عێراق هیچ كێشەیەكی نییە تەنیا هەرێمی كوردستان كێشەیە، لە كاتێكدا كێشەی عێراق ئەمڕۆ زۆر گەورەترە لەوە.
مستەفا لەبارەی پرسی باسكردن لە كەمكردنەوەی بودجەی هەرێم گوتی: هەرێمی كوردستان شایستەی زیاتر لە 17%یە، ئێمە لە 17%مان قبووڵ كرد وەكو نەرمی نواندن تا ئەو كاتەی سەرژمێری لە عێراق ئەنجام دەدرێ، سەدام حوسێن بە دیكتاتۆریەتی خۆی لە چوارچێوەی بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراك ڕێژەی لە 13% تا 15% دەدا بە هەرێم، بەڵام ئەوكات عێراق ڕێژەی دانیشتوانی زۆر كەمتر بوو.
زیاتر گوتی: لێدوانی بەرپرسانی عێراق لە بەغدا وەكو ئەوەیە بەشەكانی تری عێراق ژمارەی دانیشتوانیان زۆر زیادی كردبێ و هەرێمی كوردستان هیچی زیاد نەكردبێت و بەرەو پاش گەڕابێتەوە.
لەبارەی پرسی نەوت و غازەوە ئەو بەرپرسەی حكوومەتی هەرێم ڕای گەیاند، ئەگەر یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەرچووبایە بەپشتبەستن بە دەستوور ئەمڕۆ عێراق ئەم كێشانەی نەدەبوو، هاتنی ئەو هەموو كۆمپانیا بیانیەكانی نەوت بەتایبەت كۆمپانیا ئەمەریكایییەكان نیشاندەر و سەلمێنەری ڕاستیی سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانە.
جەختی كردەوە بۆ هەموو دۆست و نەیارانیش دەسەلمێنرێ لە دواڕۆژ كە ئەو سیاسەتە نەوتییەی هەرێم گرتیتە بەر باشترین سیاسەتە لە خزمەتی گەلی كوردستان و تەواوی گەلانی عێراقە چیتر پێویست ناكات چ لە ناوخۆ و چ لە بەغدا و دەرەوە بەچاوێكی كەم سەیری ئەم هەڵوێستەی حكوومەتی هەرێم بكرێت.
ئەو بەرپرسەی حكوومەتی هەرێم هیوای خواست چیتر ئەم جۆرە لێدوانە لە بەغدا نەدرێ و گوتی ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا گۆڕین و كەمكردنەوەی كێشەكانە بە ئاراستەیەكی تر نەك دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان، دۆزینەوەی چارەسەر لە گەڕانەوە بۆ دەستوورە.
لەبارەی پرسی بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی، مستەفا ڕوونی كردەوە: ئەگەر ئیرادەی سیاسی نەبێ بۆ چارەسەر و پابەندبوون نەبێ بەو دەستورەی گەلانی عێراق دەنگیان بۆ داوە، ئەگەر دەستوور نەبێتە ڕێنیشاندەر و نەخشەڕێگە، كێشەكان چارەسەر نابن.




