هەرێم دەستەڵاتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی پێ نەدراوە

یاسای گۆڕەبەكۆمەڵەكان دەستەڵاتێكی كەمی بە كورد داوە و ڕێگەیش نادات تیمی هەرێم گۆڕەكان هەڵبداتەوە.
چالاكوانێكی ئەنفال، پێی وایە دۆخی ئەمنی و هەڕەشەی تیرۆر ڕێگرە لەوەی كورد بە سەربەخۆیی گۆڕ هەڵبداتەوە، چونكە گۆڕەكان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدان.
نەدانی دەستەڵات
یاسای “پاراستن و هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان” بەرەوڕووی ڕەخنە بووەتەوە، چونكە كەمترین ئەندامی كوردی تێدایە و دەستەڵاتی بە هەرێمی كوردستانیش نەداوە سەربەخۆ كار لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەكان بكات.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزاەرتی شەهیدان و ئەنفالكراوان (فوئاد عوسمان) پێی وایە كە لە مەسەلەی گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا هەماهەنگی لە نێوان هەلوێر و بەغدادا هەیە و نوێنەری كوردیش لە لیژنەی هەڵدانەوەكەدا هەیە، بەڵام داوامان كردووە دەستەڵاتی زیاتر بە كورد بدرێت و ڕێگە كە هەرێمیش بدرێت تیمی تایبەتی خۆی لەو بوارەدا هەبێت.
چالاكوانی بواری ئەنفال (عومەر محەممەد) ڕای وایە كە هەرێم ناتوانێت ئەو دەستەڵاتەی هەبێت كە گۆڕەكان هەڵبداتەوە، چونكە مەترسیی تیرۆر لەسەر تیمەكان دەبێت و بێجگە لەوەیش، ئەمە میراتی عێراقە و دەبێ بودجەیشی بۆ تەرخان بكات، بەڵام هەرێم دەتوانێت هاوكار بێت و دەستپێشخەریی هەبێت.
“هەندێك خاڵی یاساكە جێبەجێ نەكراوە. بە نموونە: پێویستە هەر گۆڕێك كە دەدۆزرێتەوە سیاجی بۆ بكرێت تا ڕووفاتەكان دەردەهێنرێن، بەڵام زۆرجار وا نەكراوە.” ئەمە بۆچوونی ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق (د. ئەشواق جاف)ـە.
یاسای ژمارە پێنجی “پاراستن و هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵكانی عێراق” ساڵی 2006 دەركراوە، بەڵام هەرێم داوا دەكات پێداچوونەوەی پێدا بكرێتەوە.
دەنگنەدانەوە
ئامارێكی فەرمی بۆ دیاریكردنی ژمارەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق نییە، بەڵام لە 300 گۆڕ نزیك دەبێتەوە كە بە زۆری لە ناوچەی “حەمرین” و بیابانەكانی ڕۆژئاوای عێراقن.
لە 2004ـەوە تا ئێستا، 56 گۆڕ لە عێراقدا هەڵدراونەتەوە و 2 هەزار و 100 ڕووفات بۆ هەرێم هێنراوەتەوە كە هیی بارزانییەكان و گەرمیان و چەند ناوچەیەكی دیكەن.
گۆڕەبەكۆمەڵەكان:
_ لە 2004ـەوە هەڵدانەوەیان دەستی پێ كردووە و لە 2006ـیشەوە یاسای تایبەتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەكراوە.
_ بە پێی ئەو ئامارەی كە بە سیستەمی “جی پی ئێس” كراوە 300 گۆڕ لە عێراقدا هەیە، بەڵام وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق بە 165 گۆڕ دەیخەمڵێنێت.
_ ڕووفاتی قوربانیانی كورد لە دەرەوەی عێراق نییە؛ تەنیا لە گۆڕستانی “بەهەشتی زەهرا”ـی ئێران نەبێت كە ئەویش هیی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیە.
_ قۆناغەكانی ئەنفال بەم شێوەیە بوون: 1980 ئەنفالی كوردە فەیلییەكان. 1983 ئەنفالی 8 هەزار بارزانی. 1988 ئەنفالی گەرمیان و هەشت شاڵاوەكەی ئەنفال. بەڵگە هەیە كە تا 1990ـیش ئەنفال بەردەوام بووە.
_ بە پێی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی شەهیدان: 83%ـی قوربانیانی ئەنفال هیی قۆناغەكانی 1980 بۆ 1990ـە و 17%ـیشی هیی كیمیابارانە.
_ 23%ـی ئەنفالی كورد لە سنووری كەركووك ئەنجام دراوە و 48%ـیش منداڵن.
_ 4ـی حوزەیرانی 2007، ئەنفالی كورد لە پەرلەمانی عێراق وەك تاوانی جینۆساید ناسێنرا.
_ تا ئێستا 2 هەزار و 100 ڕووفاتی كورد هێنراونەتەوە بۆ هەرێم، بەم جۆرە: 507 ڕووفات هیی بارزانییەكان. 104 منداڵ و دوو ژن بۆ چەمچەماڵ. 39ـی گوندی سۆریا. 270ـی جافایەتی. 43ـی تۆپزاوە. 730 ڕووفاتی بیابانی “مەهاری” بۆ چەمچەماڵ. چەندین ڕووفاتی دیكەی ناوچە جیایاكانی هەرێم.
_ مانگی 10ـی ئەمساڵ، 159 ڕووفات لە “حەمرین”ـەوە كە هیی ناوچەی گەرمیانن، دەهێنرێنەوە.
ئامادهكردنی: دانا وەهبی




