جێگری سەرۆكى ئەمەریكا سەردانى عێراق دەكات

بەرپرسێكی باڵاى حكوومەتى عێراق ئاشكراى كرد ئیدارەى ئەمەریكا هەوڵەكانى خۆى چڕ دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنى ئەو تەنگژە سیاسییەى كە ئێستا وڵاتى گرتووەتەوە و بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوو جێگری سەرۆكى ئەمەریكا سەردانى عێراق بكات.
راوێژكارێكی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق راى گەیاند، لەچەند رۆژى داهاتوودا جۆ بایدن جێگری سەرۆكى ئەمەریكا بەسەرۆكایەتیی شاندێك لە شارەزایانی بوارى تەناهی و سیاسەت سەردانى وڵات دەكەن.
ئەو سەرچاوەیە گوتى، بۆ ئەو مەبەستە باڵوێزگەى ئەمەریكا لە بەغدا ئەوپەڕی ئامادەكارییەكانى كردووە بۆ سەرخستنى سەردانەكەى بایدن و هەمان سەرچاوە ئاماژەى كرد كە شیمانەى هەیە بایدن بۆ چارسەركردنى تەنگژەكان پاڵەپەستۆ بخاتە سەر حكوومەتى عێراق تا دەست لەسەر چەند خاڵێك هەڵگرێ، رۆژنامەى "وەتەن"ی سعوودیایی گواستییەوە.
چوارشەمی رابردوو هیلارى كلینتۆن وەزیری دەرەوەى ئەمەریكا لە پێوەندییەكى تەلەفۆنیدا لەگەڵ هۆشیار زێبارى وەزیری دەرەوەى عێراق تاتوێی پرسی سیاسیی گۆڕەپانى عێراق و دۆخى سووریایی كرد، هەروەها كلینتۆن باسی سەردانی شاندێكی باڵاى ئەمەریكایی لەگەڵ زێبارى كرد.




