پەرلەمانتارێكی بەریتانیا، داوای بەدنیاناساندنی كۆمەڵكوژیی دژ بە كورد دەكات

ئەندام پەرلەمانێكی بەریتانیا داوایەكی ئەلیكترۆنی لە وارگەی رەسمیی حكوومەتی بەریتانیا جێگر كردووە و داوای بەدنیاناساندنی بەكۆمەڵكوژیی دژ بە كورد دەكات.
نازم زەهاوی لە سكاڵایەكیدا داوا لە بەریتانیا دەكات هانی یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان بدات ئەوانیش دان بە بەكۆمەڵكوژیی دژ بە هەرێمی كوردستان بنێن، چونكە ئەوە وا دەكات كورد بە دادوەریی خۆیان بگەن، هەروەها یارمەتی بەریتانیاش دەدا كە ماڵێَكە لە دیموكراتی و ئازادی، پەیامی هاوكاری و پاڵپشتی بە پەیماننامە ناودەوڵەتییەكان و مافەكانی مرۆڤ بگەیەنێ.
گوتیشی: "بەكۆمەڵكوژی چەند دەیەیەكە بەسەر كورددا ڕوو دەدا كە بە ئەنفال ناسراوە. دەستی پێ كردووە بە بەعەرەبكردنی لادێكانی دەوروبەری كەركووك لە ساڵی 1963دا. هەورەها دواتر ڕاگواستن و شوێنبزركردنی كوردی فەیلی لە نێوان ساڵانی 1970-1980. دواتر ونبوونی هەشت هەزار بارزانی بوو لە ساڵی 1983دا. دواتر لە ساڵی 1980 هەرێمی كوردستان كیمیاباران كراوە بەتایبەت شارۆكەی هەڵەبجە. دواترینیشیان هەڵمەتەكانی ئەنفال بوو لە نێوان ساڵانی 1987 و 1988دا كە بەسەر كوردا داهات".
زەهاوی زیاتر گوتی "سەتان هەزار هاووڵاتیی كورد ونبوون، ماڵباتەكان پەرتەوازەبوون، ئەمە سەرەڕای بڵابوونەوەی نەخۆشی. 4500 گوندی كورد خاپوور كران لە نێوان 1976 و 1988دا كە ژێرخانی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستانی زۆر لاواز كرد".




