٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاشتی هه‌ورامی: ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز به‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی نه‌گوتووه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییەكانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئەمەریكا داوای لە كۆمپانیاكانی بواری نەوت كردبێ، لە هەرێمی كوردستان كار نەكەن.

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌مه‌ریكا داوای له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری نه‌وت كردبێت ڕیسك نه‌كه‌ن و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمدا نه‌كه‌ن، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشتی هەورامی له‌ لێدوانێكیدا بە ئاژانسی ئاكانیوزـی ڕاگەیاندووه‌ ئەم هەواڵە ئەسڵ و ئەساسی نییە و دورە لە ڕاستییەوە، بگرە كۆمپانیای زیاتریش لە هەرێم خەریكن لە بواری نەوتدا كار دەكەن، ئەمە تەنیا پڕوپاگەندەیە و هیچی تر.

زیاتر گوتى ئەو قسەیە پڕوپاگەندەی ئەو كەسانەیە كە حەز دەكەن ئەمەریكا قسەیەكی وا بكا، ئەگەرنا ئەمەریكا نە بە هیچ شێوەیەك قسەیەى وای نەكردووە و هیچیشی بە ئێمە ڕانەگەیاندووە وەك حكوومەتى هەرێم.

هەورامى راى گەیاند تا ئێستە هەرێمى كوردستان ئامادەیە لە هەناردەكردنى نەوت بۆ دەرەوە و پاش جەژن ئەو ماوەیە كۆتای دێ كە بۆ پێدانى پارەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێم كار دەكەن دیارى كرابوو و ئەو كات ئەگەر حكوومەتى عێراق ئەو پارەى نەدا، حكوومەتی هەرێم بڕیاری خۆی دەدا.

جێگه‌ی باسه‌ دوێنێ گوته‌بێژی وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئەمەریكا ڤیكتۆریا نۆلاند لە لێدوانێكیدا رای گەیاندبوو تا ئه‌و كاته‌ی یاسای نه‌وت و گازی فیدڕاڵی له‌ عێراقدا ده‌رده‌چێت وه‌به‌رهێنان و گرێبه‌ستی نه‌وت ڕیسكی تێدایه‌.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌یشی گوتبوو كه‌ مه‌سه‌له‌ی به‌ستنی گرێبه‌ست و وه‌به‌رهێنان په‌یوه‌ندی به‌ خودی كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.
 

هەواڵی پەیوەندیدار