رۆژ نووری شاوێس: گفتوگۆ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی وڵات

جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، كورد پشتیوانی لە هەر هەوڵێك بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە وڵات دەكا و ئاماژەی كرد، پێویستە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق لە فەرمانڕەواییی وڵاتدا هاوبەشێكی راستەقینە بن.
رۆژ نووری شاوێس بە ئاكانیوزی راگەیاندووه، سیاسەتی بەكارهێنانی پاڵەپەستۆ و زمانی توندوتیژی لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە، بگرە باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسی لە وڵات دیالۆگ و گفتوگۆیە.
زیاتر گوتی، عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێك هاتووە كە كورد و عەرەبن و نەتەوەی تریشی تێدایە، هەروەها شیعە و سوننە دوو مەزهەبی سەرەكین، بۆیە پێویستە ئەو پێكهاتە سەرەكییانە هاوبەشی راستەقینە بن لە بەڕێوەبردنی وڵات و نابێ هیچیان پشتگوێ بخرێن.
شاوێس روونی كردەوە، باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی وڵات دیالۆگ و گفتوگۆییە، بۆیە پشتویانی لە هەر جۆرە چارەسەرێك دەكەین كە بەرێگەی دیالۆگ بێ.
لەبارەی نووسی چاكسازیی هاوپەیمانیی نیشتمانی گوتی، تا ئێستا نووسەكەمان وەك دوا شێوەی بەدەست نەگەیشتووە و پێم وایە تا ئێستا لەناو هاوپەیمانییەكەدا بۆچوون و تێروانینی جیاواز هەیە.




