راگەیەندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و راگەیاندن و هوشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگەوە

دوای ئەوەی لە میدیاكاندا لێدوانێكی بەڕێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بڵاوبوەو تیایدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەو خاڵانەی كە لەلایەن لیژنەی باڵای كاری هاوبەش و بە ئامادەبونی نوێنەری هێزی هاوپەیمانان بۆ چارەسەری تەنگژە سەربازییەكەی دەڤەری زممار واژوو كراوە گوایە هێشتا هەردوو بەڕێزان جەنابی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراقی رەزامەندیان لەسەر دەرنەبڕیوە.
بۆ رونكردنەوەی ئەم باسەو راگەیاندنی دوا ئەنجامی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بە پێویستمانزانی رای گشتی ئاگادار بكەینەوە كە، دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی 27/7/2012 دۆخێكی نائاسایی سەربازیی لە دەڤەری زممار سەریهەڵداو بوە هۆكاری دروستبونی رووبەڕووبونەوە لە نێوان پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق، بەڵام هەر لە سەرەتای رووداوەكەوە لە پێناو پەرەنەسەندنی ئەو بارگرژیە لە لایەن سەركردایەتی سیاسی و سەربازی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق هەوڵی چارەسەركردنی درا.
بەم ئاراستەیەداو بە كۆشش و ئامادەبونی هاوپەیمانان لە لایەنی ئەمەریكا و لیژنەی باڵای كاری هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالێ عێراق دوای چەند كۆبونەوە هەردوو لا گەیشتینە ئەو بڕیارەی كە چەند خاڵێك بكەینە بنەما بۆ هێور كردنەوەی رەوشەكە.
دواتر ئەو خاڵانە وەك پێشنیار بۆ رێگاچارەی ئەو بارە نائاساییە خرایە بەردەست بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدراڵ، وێڕای چەند تێبینیەكی هەردوو بەڕێزان سەرئەنجام بە شێوەی زارەكی رەزامەندیان لەسەر خاڵەكان دەربڕی، هەروها ئەو خاڵانە بە شێوەیەكی فەرمی لەلایەن بەڕێزان فەریق شێروان و فەریق عەلی غێدان لە رۆژی 12/8/2012 لە بەغدا واژووكراوە، لەژێر رۆشنایی ئەم رێكەوتنەشدا رایدەگەیەنین كە ئەمڕۆ رێكەوتی 21/8/2012 بە شێوەیەكی كردەیی دەستكرا بە جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكە و سەنگەر و ساترەكان لابران واتا خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە جێببەجێكراوەو هاوكات هەر ئەمڕۆ دەستنیشانكردنی خاڵی دروستكردنی بازگەیەكی هاوبەش تەواوبوەو چاوەڕوان دەكرێت خاڵەكانی تریش لە رۆژانی داهاتوو بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە،. كە هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆ هێوربونەوەی رەوشەكەو فەرمیەت و بە كۆتاگەیشتنی رێكەوتنی هەردوولا. ئەو خاڵانەشی كە لەسەری رێكەوتوین بریتین لە:
1- هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عێراق دابەش دەبن بە سەر سنورەكانداو هەر یەك لە شوێنی خۆی و سەنگەرو ساترەكان هەڵدەگیرێن.
2- هەموو رێگاكانی رۆژئاوای دجلە ئازاد دەكرێن بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیانی هەردوولا.
3- نوێنەری پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراق ئامادەییان دەبێت بۆ سەرپەرشتی كردنی ئیشوكاری ناوچەكە.
4- بازگەیەكی هاوبەش دادەمەزرێت لە گوندی (مەحمودیە)، واتە لەو شوێنەی ئێستا بەرەوڕووی یەكتر وەستاوین.
5- لە كاتی پێویست دەوریاتی هاوبەش دەردەچێت بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكان و چارەسەركردنی كێشەكان و پاشان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
6- لیژنەی باڵای كاری هاوبەش كۆدەبێتەوە لەگەڵ قیادە مەیدانیەكانی هەردوولا بۆ سەرپەرشتی كردن و روونكردنەوەی زانیارییەكان.
7- لیژنەی باڵای كاری هاوبەش بەرپرس دەبێت لە بەرزكردنەوەی زانیارییەكان بۆ بەڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق.
8- لیژنەی باڵای كاری هاوبەش بە زووترین كات لەگەڵ لیژنەی وەزاری كۆدەبێتەوە.
9- لیژنەی باڵای كاری هاوبەش سەردانی بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێم و بەڕێز سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی عێراق دەكەن.
10- پاش كۆتایی هاتنی تەنگژەی سوریا باردۆخی سەربازیی
ناوچەكە پێداچونەوەی بۆ دەكرێت و پێویست بون یان نەبونی هێزەكان لەبەرچاو دەگیرێ.
هەڵگورد حیكمەت مهلا عەلی
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و راگەیاندن و هوشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە
21-8-2012




