ئۆباما: تا ئێستا بڕیاری كرده‌ی سه‌ربازیم بۆ سه‌ر سووریا نه‌داوه به‌ڵام كه‌ی پێویست كات ئه‌و بڕیاره ده‌ده‌م

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتی كرده‌وه ئه‌و تا ئێستا بڕیاری له ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر سووریا نه‌داوه، به‌لام له كاتێكدا كه پێویست بێت ئه‌و بڕیاره ده‌دات.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باراك ئۆباما له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند ده‌بیت به‌رپرسانی ڕژێمی سووریا كه هه‌موو شه‌رعییه‌تێكیان له وڵاته‌كه‌یاندا له ده‌ستداوه ئه‌وه بزانن كه سه‌بر و ددانبه‌خۆداگرتنی جیهان له هه‌مبه‌ر وه‌حشیگه‌ریی و دڕه‌نده‌ییه‌كانی ئه‌وان بێ‌سنوور نییه و ده‌بێت به‌زووترین كات به داواكارییه‌كانی گه‌لی سووریا ملكه‌چ بن و ده‌سته‌ڵات به‌جێ بهیڵن.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازییش بۆ سه‌ر سووریا، ئۆباما گووتی من تا ئێستا بڕیارم له ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازیی بۆسه‌ر سووریا نه‌داوه، به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی زۆر دووریش نییه، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ستكرا مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هاووڵاتیان زیاتر ده‌بن، یانیش به‌رپرسانی ڕژێم بیر له به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی ده‌كه‌نه‌وه ئه‌وا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كرده‌ی سه‌ربازیی ده‌دات.
هه‌روه‌ك ڕایشیگه‌یاند ئێمه زۆر به وردی چاودێری ڕه‌وشه‌كه ده‌كه‌ین و به سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌یشمان ڕاگه‌یاندووه كه كاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له هه‌مبه‌ر به‌زاندنی هێله سووره‌كان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ڕژیمی سووریاوه زۆر توند ده‌بێت.
لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی ئاڵۆزییه‌كان و به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له دوو ڕۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنیشدا به‌عسییه‌كان زیاتر له 200 هاووڵاتی سووریایان كوشتووه.




