موئەیەد تەیب: كاتی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دیار نییە

گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ كاتێك بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دیار نەكراوە.
پێشتر چەند سەرچاوەیەكی هەواڵی عێراقی بڵاویان كردەوە كە ئەو لایەنە سیاسییانەی پێشتر لە هەولێر و نەجەف كۆبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق، بڕیار وایە دوای جەژنی رەمەزان جارێكی تر كۆببنەوە.
موئەیەد تەیب گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە: ئێستا ئێمە لە پشووی رەسمیداین، جارێ هیچ شتێكیش لە ئارادا نییە كە ڕاستەوخۆ دوای پشووی جەژنی ڕەمەزان لایەنە سیاسییەكان دەست بكەنەوە بە كۆبوونەوەكان، ئەگەر بڕیارێكی واش درابێت لەلایەن سەركردە سیاسییەكان ئێمە وەكو لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئاگەدار نەكراینەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: دانیشتنەكانی پەرلەمان لە 28ی ئەم مانگەوە دەست پێ دەكات و چوار پرسی زۆر گرینگ و بنەڕەتی هەیە ئێمە وەكو كورد ئامادەكاریمان بۆ كردووە و كاری لەسەر دەكەین.
گوتیشی: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنێكی نوێ بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، یاسای دادگەی فیدراڵی، یاسای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و یاسای لێبوردنی گشتی لە پێشینەی كاری ئێمە دەبێت و كاری لەسەر دەكەین.




