دوو مانگی دیکە پڕۆژەی بودجەی هەرێم ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

وەزارەتی دارایی وئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتەکانی حکومەت کردووە تا بودجەی خەمڵێندراوی خۆیان ئامادە بکەن بۆئەوەی وەزارەتی دارایی دەست بکات بەئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە.
ووتەبێژی وەزارەتی دارای هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت دوو مانگی دیکە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین.
ووتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دلێر تاریق، بە پەیامنێری ڕاگەیاندوه : هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو کراوە و وەزارەتەکان ئاگادار کراونەتەوە بۆئەوەی بودجەی خەمڵێندراوی خۆیان بنێرن بۆ وەزارەتەکەمان".
گوتی: وەزیری دارایی وئابوری کۆبونەوەیەکی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەکان و میلاکات ئەنجام داوە بۆئەوەی بەزوترین کات فۆڕمەکانیان پڕ بکەنەوەو بۆمانی بنێرن بۆئەوەی ئێمەش بتوانین لە دوومانگی داهاتوو پڕۆژەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکەین تا ئەوانیش ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکەن".
ووتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیوادارم لەکاتی خۆیدا بتوانن پڕۆژە بودجەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بکەین, لەوێ وردبینی و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.




