٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شه‌هرستانی، وەزیری دوو وەزارەتە شكستخواردووەكە

سەرچاوە: Hewler

جەنگێكی نەگریس ماوەیەكە وڵاتەكەمانی گرتووەتەوە و تۆزەكەیشی قانگی داوین، ئەو وڵاتە نەگبەت و بەدبەختەی كە هێشتا جەنگێك بەرۆكی بەرنەداوە تووشی جەنگێكی دیكە دەبێتەوە، ئەوەیش هەموو بە هۆی ئەوەیە كە لە لایەن كەسانێكەوە بەڕێوە دەبڕێت كە تەنانەت بۆ بەڕێوەبردنی مێگەلە مەڕێكی ساوایش دەست نادەن.

بەرەكانی ئەو جەنگە نوێیە لە لایەن هەردوو وەزارەتی نەوت و كارەباوە تاو دراون كە هەردوو وەزارەتیش لە لایەن جێگرێكی سەرۆكوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەكرێت كە ئەویش د. حوسێن شەهرستانیـیە، مەوقیفی شەهرستانیـیش هاوشێوەی ئەو پەندە باوەیە كە دەڵێت "دارتاشێك دەرگەكەی لادراوە."

وەزارەتی كارەبا گورزی خۆی وەشاند و بەرپرسیارەتیی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبای خستە ئەستۆی وەزارەتی نەوتەوە بە هۆی ئەوەی كە ئەو وەزارەتە نەیتوانیوە سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تەرخان بكات، لای خۆیشیەوە وەزارەتی نەوت بە توندی وەڵامی وەزارەتی كارەبای دایەوە و ڕایگەیاندووە كە ئەو ڕێژە سووتەمەنییەی كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا تەرخان كراوە 120% زیاترە لەو ڕێژەی كە وەزارەتی كارەبا پێویستی پێیەتی، وەزارەتی نەوت وەزارەتی كارەبای بە شكستخواردوو هەژمار كرد لە دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ هاووڵاتیان.

وەلێ گوتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی كارەباوە دەڵێت: " بەشێك لە یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە هۆی كەمیی سووتەمەنی و دابەزینی پەستانی گازەوە وەستاون." ئەو گوتەبێژە ئەوەیشی گوتووە كە كەمیی سووتەمەنی بووەتە هۆی پەككەوتنی ئەو هیڵە ستراتیژییەی كە سووتەمەنی بۆ ناوەڕاست و باكوور و فوراتی ناوەڕاست دابین دەكرد، بەو هۆیەیشەوە وێستگەكەكانی موسڵ و تاجیش وەستاون.
لەو لایشەوە گوتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی نەوتەوە دەڵێت: كە " وەزارەتی نەوت زیاتر لە وەزارەتی كارەبا وزەی بۆ هاووڵاتیان دابین كردووە بە جۆرێك دەگاتە 12 بۆ 24 سەعات لە ڕۆژێكدا ئەوەیش لە ڕێگەی دابینكردنی سووتەمەنییەوە بۆ وێستەگەكانی كارەبا."

بە هۆی فەراهەمنەبوونی زانیاری دروست و پێویست بۆ مێدیاكان ناتوانین بڵێن ئاخۆ كام لەم وەزارەتانە ڕاست دەفەرموون، ئەو كەسەی كە بە سەرجەم نهێنییەكانی ئەو دۆسیە دەزانێت وەزیری ئەو دوو وەزارەتەیە كە شەهرستانیـیە.

د. شەهرستانی كە هەڵۆیەكی توندی نێو حكوومەتە ئەو ناخۆشییەی كە خەڵك بە دەست قەیرانی كارەباوە دەیچەژن بە لاوە گرنگ نییە، ئەو قەیرانەی كە خودی خۆی و سەرۆكوەزیرانیش چەندان جار بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە. شەهرستانی بە پێی پۆستەكەی كە جێگری سەرۆكوەزیرانە بۆ كاروباری وزە ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە دابینكردنی كارەبا بۆ خەڵك، ئەگەر نا بۆچی ئەو پۆستە وەردەگرێت كە لە ڕێگەیەوە هەموو ئیمتیازاتێكی دارایی و مەعنەوی دەست دەكەوێت؟

جەنگی نێوان ئەو دوو وەزارەتە كە لە لایەن شەهرستانیـیەوە بە ڕێوە دەبرێن ڕەنگدانەوەی شكستێكە كە خودی شەهرستانی پشكی شێری تێدا بەر دەكەوێت، ئەو شەهرستانیـیەی پێ دەچێت كە هەموو توانا و شارەزای لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ یەك پرس تەرخان كردووە ئەویش پرسی گرێبەستەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوتە، ئەوەیش پرسێكە كە شەهرستانیـی بەرپرس لە كەرتی وزەی وڵات لە هاوكاریكردنی دۆزینەوەی چارەیەك شكستی هێنا  چارەكەیش ئاشكرایە ئەویش یاسای نەوت و گازە ئەو یاسایەی كە بە دەردی چیرۆكی "عەنتەر" چوو

هەواڵی پەیوەندیدار