ڕۆژنامهی لۆمۆند و گاردیان:چاوەڕوانیكردن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی، لە بەرژەوەندیی كورددا نییە

پێتان وایە كێشەی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوێ دەگات؟ لەو كاتەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق كشاوەتەوە- واتە لە كۆتایی ساڵی 2011ـەوە- كێشەی نێوان حكوومەتی ناوەندیی عێراق بە سەرۆكایەتیی “نووری مالیكی” و هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی “مەسعوود بارزانی” گەورەتر بووە و یەكێك لە ئەگەرەكانی بەردەوامبوونی ئەم تەنگژەیەیش ڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردییە.
بێگومان بەدووریش نییە ئەم كێشەیە بگاتە ئاستی هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی لە نێوان حكوومەتی ناوەندی و هەرێمی كوردستاندا.
كڕینی چەك و تەقەمەنی
یەكێك لە نوێترین نمونەكانی ئەم بارگرژیە مانگی ڕابردوو ڕووی دا، ئەوەیش كاتێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لای خاڵی فیشخاپوورەوە ڕێگای بە سوپای عێراق نەدا بگاتە سەرسنووری سووریا.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، سەرچاوەیەكی نەناسراوی عێراقی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتبار كردووە، كە بەشێوەیەكی نایاسایی چەكی دژە فڕۆكە و دژە تانك بە یارمەتیی وڵاتێكی بیانی دەكڕن. هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو وڵاتە بیانییە توركیایە، كە لە كاتی ئێستادا پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دژایەتیی حكوومەتی بەغدایش دەكات. بەهاری ڕابردوویش، سەرۆكی هەرێمی كوردستان “مەسعوود بارزانی” هەوڵی دا بەرپرسانی ئەمەریكا ڕازی بكات بۆ ئەوەی فڕۆكەی جۆری ئێف شازدە بە حكوومەتی عێراق نەفرۆشن.
تەنگژەی سووریا و قووڵبوونەوەی جیاوازییەكان
شەڕی سووریا كاریگەریی لە سەر ئەم تەنگژەیەی نێوان حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن دەكات و حكوومەتی ناوەندیش هاوشێوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیری لە “بەشار ئەسەد” دەكات. بەردەوامیی كێشە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراقیش وای كردووە ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە عێراقدا بتوانێت خۆی ڕێك بخاتەوە و دەست بە چالاكییەكانی بكاتەوە، هەروەك چۆن لە ڕۆژی 23ی مانگی ڕابردوودا بەرپرسیاریەتیی زنجیرەیەك هێرشی چەند ڕۆژێك پێشووتری لەئەستۆ گرت، كە بەهۆیانەوە 116 كەس كوژران.
چەندین كێشەی گەورە لە نێوان حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەن، ئیدی هەر لە كۆنترۆڵی سنوورەكانەوە بیگرە تا دەگاتە تێكەڵكردنەوەی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق و سنووری كوردستان و شێوازی دابەشكردنی داهات و سەروەت و سامانی وڵات لە نێوان حكوومەت و هەرێمدا- بە تایبەتی نەوت.
ترسی بەرپرسانی بەغدا لە پێشكەوتنی كوردستان
بەرپرسانی حكوومەتی عێراق دژی دەسەڵات و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانن، چونكە ترسی ئەوەیان هەیە كوردستان ببێتە نموونەیەكی سەركەوتوو بۆ پارێزگا سوننەكان و تەنانەت پارێزگای بەسرەی باشووری عێراقیش. ترسی بەرپرسانی عێراق ئەوەیە پارێزگا سوننەنشینەكان و بەرپرسانی بەسرەیش داوای هەرێمی تایبەت بە خۆیان بكەن. “دەبێت ئەوەش بزانین نزیكەی 2 ملیۆن بەرمیل لەو نەوتەی حكوومەتی عێراق ڕۆژانە دەینێرێتە دەرەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی باشووری عێراق دەردەهێنرێت”.
توێژەرەوەیەكی ڕۆژئاوایی دەڵێت:نووری مالیكی دەیەوێت سەرۆكوەزیران و دەسەڵاتداری وڵاتێكی گەورە بێت، نەوەك ڕابەری ناوچەیەكی شیعەیی لە باشووری عێراق. بە پێچەوانەیشەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان “مەسعوود بارزانی” خۆی بە داكۆكیكەری مافی پێكهاتە جیاوازەكان و كەمە نەتەوایەتییەكانی عێراق دادەنێت، بە تایبەتی لەم كاتەدا كە دەسەڵاتی شیعە لە زیادبووندایە، هەربۆیەیش “بارزانی” ڕێگای بە جێگری سەركۆماری عێراق “تارق هاشمی” دا لە هەرێمی كوردستان بمێنێتەوە، ئەوەیش پاش ئەوەی لە لایەن “مالیكی”ـیەوە چەندین تۆمەتی درایە پاڵ.
پرسی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیی
بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان كورد و سوننە بووە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانیەتییەك و هەوڵەكانی ئەم هاوپەیمانیەتییەیش بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی متمانەدان لە “نووری مالیكی” هەنگاوی هەڵدەگرت، هەرچەندە تا ئێستا ئەم هەوڵانە سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە. “مالیكی”ـیش وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لە سوننە و كورد سیاسەتە دوژمنكارانەكەی خەستتر كردەوە.
ئەم كێشانەی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان وا دەكەن بەرپرسانی هەرێم بە جیددیەوە بیر لە سەربەخۆیی كوردستان بكەنەوە. دیپلۆماتكارێك دەڵێت:بارزانی دەزانێت، كە كوردستان هێشتا ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ. “بارزانی” ئەوەیش دەزانێت، كە وڵاتانی ناوچەكە دژی سەربەخۆیی كوردستانن، بەڵام ئاگاداری ئەوەیشە كە چاوەڕێكردن لە بەرژەوەندی كورددا نییە، چونكە كورد تا زیاتر چاوەڕێ بكات، بەغدایش زیاتر بەهێز دەبێت.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی
ڕۆژنامەی هەولێر - وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
تێبینی: ئەم بابەتە سەرەتا لە ڕۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی بڵاو كرایەوە، بەڵام بەهۆی گرنگییەوە ستافی گاردیانـیش لە ڕۆژنامەكەیدا بڵاوی كردەوە.




