گفتوگۆ و دانوستاندنی لایەنە سیاسییەكانى عێراق دواى جەژن دەست پێ دەكات

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنى هاوپەیمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگێنێت: لەدوای جەژنی رەمەزان گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی سیاسیی وڵات دەست پێ دەكاتەوە.
مەحموود عوسمان پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق لە فراكسیۆنى هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاكانیوزى راگەیاندووە، ئێستا سەرجەم لایەنەكان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی بەوەی تەنیا بەگفتوگۆ و دانوستاندن دەتوانن كۆتایی بە تەنگژەی سیاسیی ئێستای عێراق بهێندرێت.
گوتیشی، بەپێی زانیارییەكانى من جەلال تاڵەبانی سەركۆمار لەدوای جەژن دەگەڕێتەوە بەغدا و هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان بەمەبەستی دەستپێكردنی دانوستاندن لەنێوان لایەنەكان دەخاتەگەڕ، پێشم وایە سەرجەم لایەنەكان بەیەكەوە دەست بەدانوستاندن دەكەن.




