هاوپەیمانیی كوردستان: داخستنی نوێنەرایەتیی هەرێم نادەستوورییە و دەبێ بەغدا روونكردنەوە بدا

فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا نادەستوور و نایاسییە و دەبێ بەغدا هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە روون بكاتەوە.
بەبیانووی نەبوونی بەڵگەنامەی رەسمی، دوێنێ حكوومەتی ناوەندی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داخست. لەبەرمبەردا نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا رایدەگەیەنێت كە ئەوان بەڵگەی تەواویان هەیە و بەپێی بڕیاری ژمارە 29ی دیوانی دامەزراون كە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزای لەسەر كردووە.
موحسین سەعدوون جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ئاكانیوزی ڕاگەیاندووە، ئەو بڕیارەی دوێنێی حكوومەتی عێراق بۆ داخستنی نووسینگەی حكوومەتی هەرێم بڕیارێكی نادەستوور و نایاسایی بوو، چونكە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم تازە نییە لە بەغدا هەیە.
گوتیشی: ماوەی حەوت ساڵە ئەو نووسینگەیە كارەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێم دەكات، بۆیە ئەم بڕیارە نایاسایی و نادەستوورییە و لە جێگەی خۆشیدا نەبوو.
ئاماژەی بەوەشدا ئێستا ئێمە لە پشووی رەسمین، دوای دەست پێكردنەوەی دەوامی رەسمیی پەرلەمان ئێمە لەگەڵ دكتۆر محەمەد ئیحسان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا دادەنیشین و لە هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە دەكۆڵینەوە.
گوتیشی دەبێت حكوومەتی عێراق ڕوون كردنەوە بدات لەسەر داخستنی نووسینگەی حكوومەتی هەرێم، چونكە ئەمە نوێنەرایەتییەكی رەسمییە و هیچ شتێكی نایاسایی نەكردووە.




