سوپای عێراق لە ناوچەی زومار نەكشاوەتەوە

پاش هاتنی سوپایەكی 110 هەزار كەسی لە شاری بەسرەوە بۆ ناوچەی زوممار و رێگریكردن لە هاتنەناوەوەی ناوچە جێناكۆكەكان لە لایەن هێزی پێشمەرگەی حكوومەتی كوردستانەوە، گرژییەك لە ناوچەكە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بوو كە تا ئێستایش چارەیەكی بنەڕەتی بۆ ئەو كێشەیە نەدۆزراوەتەوە.
لەمبارەیەشەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵگورد مەلاحیكمەت بە هەولێرـی راگەیاندووە: "بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە، تاكوو ئێستا دوو جار لیژنەی باڵا كە پێك هاتووە و وەزارەتی پێمشەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئەمەریكاییەكان كۆ بوونەتەوە و چەند رێنماییەكیان دەكردووە، بەڵام تا ئێستا بە شێوەی فەرمی و بە نووسراو هەرێم و بەغدا نەگەییشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك بۆ كشانەوەی هێزەكانی سوپای عێراق لە ناوچەی زوممار."
هەروەها ئاماژەی دا كە ئێستا ناوچەكە وەك سەرەتا نییە و ئەو ساترانەی كە دروست كرابوون، لابراون و جادەكان كراونەتەوە و ناوچەكە ئارامە، بەڵام هیچ هێزێكی سوپای عێراق نەكشاوەتەوە. سەبارەت بە هاتنی هێزێكی دیكەی سوپای عێراق بۆ ناوچەی سەعدییە و جەلەولا، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی كە هیچ قسەیەك لەسەر هاتنی ئەو هێزە نەكراوە و ئەولەوییەت بە ناوچەی زوممار دراوە.




